کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخەکان لە پارێزگای کرماشان بەرزبوونەوەیان بە خۆوە بینیوە

12:24 - 10 بەفرانبار 2723

بە سەرنجدان بە داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران کە ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی ئێرانی بە جیاکردنەوەی پارێزگاکان بڵاو کردووەتەوە، پارێزگاکانی کرماشان و چوارمەحاڵی بەختیاری زۆرترین ئاستی هەڵاوسانیان هەیە.

پەپێی ئەو ئامارە، ٢١ پارێزگا هەڵاوسانی ساڵانەی زیاتر لە نێونجی ٤٤.٤ لەسەدی ئاستی ئێرانیان ئەزموون کردووە کە لەو نێوانەدا ٤ پارێزگای سنە، چوارمەحاڵی بەختیاری، یەزد و ئیسفەهان، هەڵاوسانی سەرەوەی ٥٠ لەسەدیان هەبووە.

هەروەها پارێزگاکانی سنە بە ٤٧.٢ و کرماشان بە ٤٦.٦ لەسەد، دوای پارێزگای یەزد، زیاترین هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵیان هەبوو.

لەلایەکی دیکەوە دوو پارێزگای چوارمەحاڵی بەختیاری و کرماشان بە تۆمارکردنی ڕێژەی ٣.٨ لەسەد، زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخەکانیان لە مانگی سەرماوەزدا هەبووە.

بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان لە ئێران لەحاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران ساڵی نوێی هەتاویی بە دروشمی کۆنترۆڵی هەڵاوسان دەست پێ کرد، بەڵام ئەوەی لە بازاڕدا دەبینرێت بەرزبوونەوەی ڕۆژبەڕۆژی نرخی شتومەک و هەڵاوسانی زیاترە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە زۆرێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەهۆی ئەو دۆخەوە بەردەوام مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە  بردووە.