کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل، ڕێگە بە ڕێژیمی ئێران نادەین چەکی ئەتۆمی بەدەست بێنێت

16:40 - 10 بەفرانبار 2723

ڕۆژی شەممە ٩ بەفرانبار، بێنیامین نێتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی کردەوە کە ئیسرائیل هەرگیز ڕێگە بە ڕێژیمی ئێران نادات چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.

نێتانیاهۆ بە ئاماژەدان بە بەرگری و وڵامدانەوەی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کرد کە نەفتالی بنێت کۆمەلێک زانیاریی لەبارەی هێرشەکانی سەر ڕێژیمی ئێران ئاشکرا کردووە کە نەدەبوو ئاشکرای بکات.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لە تێکدانی زۆرێک لە ژێرخانەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان کرد و ئاماژەی بەوش کرد ئەگەر حیزبوڵڵا شەڕەکە بەرفراوانتر بکات لە وڵامدا هێرشی قورس دەکاتە سەر ئەو گرووپانە لە لوبنان.

لەو کۆنفرانسەدا، نێتانیاهۆ، هەڕەشەی لە ڕیژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان کرد و ڕایگەیاند، لە ئەگەری بەرفراوانتربوونی شەڕەکە وڵام دەداتەوە و گورزی قورسیان لێ دەدات.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل یەکگرتووە و لە ئامانجەکانی بۆ ئازادکردنی بەدیل گیراوان و لەناوبردنی حەماس پاشەکشە ناکات.

ئەوە لەکاتێکدایە کە، بەپێی ڕاپۆرتەکان لە ئەنجامی بوردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ١٦٥ کەس کوژران و ٢٥٠ کەسیش بریندار بوون.