کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئێران بەشداری لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا ناکەن

16:56 - 10 بەفرانبار 2723

سەرەرای هۆشدارییەکانی عەلی خامنەیی بەو کەسانەی کە خەڵک لە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێران دڵسارد دەکەنەوە، ئاخوندێکی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە هیچ حەزێک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان، لە خەڵکدا بەدی ناکرێت.

محەممەدعەلی ئەیازی لە ئاخوندەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کردووە کە خەڵکانی ئێران هیچ حەزێکیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نییە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خەڵک بە جۆرێک نالەبارە کە ئیتر جێگای بەرگری کردن لەم بابەتە نییە و هێج ئاخوندێکی قومیش لەگەڵ وتار و کرداری فەرمیی ڕێژیم، هاوئاراستە نییە.

قسەکانی ئەم ئاخوندەی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە پێشتر، عەلی خامنەیی بە ڕاشکاوی داوای لە خەڵک کرد کە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا بەشداری بکەن.

هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ڕێژیم لە مانگی ڕەشەمەدا لەحاڵێکدا بەرێوە دەچن کە ناڕەزایەتی و دژایەتی لەگەڵ تەواوییەتی ڕێژیم گەیشتووەتە لووتکە و بەپێی ڕاپرسییەکان، هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کەمترین ڕێژەی بەشداریی خەڵکیان تێدا بەدی دەکرێت.