کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی بنەماڵەی شەرەفکەندی لەبارەی کۆچی دوایی کاک رەسوڵ قادری

01:31 - 11 بەفرانبار 2723

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، رۆژی 30/12/2023، دڵی گەورەی شۆڕشگێڕی ماندوونەناسی ڕێگای کوردایەتی و خەمخۆر و پشت و پەنای بەلەنگاز و لێقەوماوان، کاک رەسوڵ قادری بۆ هەتا هەتایە لە نەخۆشخانەیەکی پاریس لە لێدان کەوت.

کاک رەسوڵ هەر لە سەردەمی منداڵییەوە، وێڕای نالەباری بارودۆخی ژیانی، کەوتە ژێر کاریگەری بیری کوردایەتیی براکانی، مامۆستا هەژار و کاک عەبدوڵا و دکتور سادق و زێنەب شەڕەفکەندی خوشکی گەورەی و لەوانەوە فێری خەبات و کاری سیاسی و تێکۆشان و کۆڵنەدان لە ڕێگای رزگاری کورد و کوردستان بوو.

کاک رەسوڵ زیاتر لە 50 ساڵی ژیانی لە دەرەوەی زێدی باب و باپیرانی و لە دوورە وڵات بەسەر برد. هەر چەندە بە جەستە لە نیشتمانەکەی دوور بوو، بەڵام قەت بۆ ساتێکیش لە خەبات و تێکۆشان لە بەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی خەباتی گەلی کورد دوور نەکەوتەوە.

کاک رەسوڵ لەنێو ڕیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات و بەتایبەتی لە فەڕەنسا ناوێکی ئاشنا و ناودار بوو. لە زۆربەی کۆبوونەوەکانی رێکخراوە بەرهەڵستکارەکانی دژی حکومەتیی کۆماری ئیسلامی، بۆ نموونە کومیتەی بەرگری لە زیندانییە سیاسییەکان، بەشێوەیەکی چالاک وەکوو ئاڵقەیەکی گرینگ بەڵام بێدەنگ و بەشێوەیەکی سیستماتیک بەشداری و کاری تێدا دەکرد.

یەکێک لە خەسڵەتە هەرە بەرچاوەکانی کاک رەسوڵ بە درێژایی ژیانی، پێداگرتن و سوور بوون لەسەر بیر و بڕوا و هەڵوێستەکانی بوو، هەرگیز لەبەر خاتری هیچ کەس و هیچ لایەنێک ئامادە نەبوو لەو شتەی خۆی بڕوای پێ بوو ڕاستە، پاشگەز بێتەوە. کەسێکی بەتەواوی مانا مرۆڤدۆست و دڵسۆزی خزم و دۆست و ئاشناکانی بوو. کاک رەسوڵ لە سەردەمی جحێڵییەوە بە قسەخۆشی و مەجلیس ڕازاوەیی و خزم و هەواڵ دۆستی ناوبانگی دەرکربوو و نموونەی دڵپاکی و خۆڕاگری و کۆڵنەدان بوو.

یاد و ناوی کاک رەسوڵ قادری هەتا هەتایە لە بیر و هزرماندا بەرز و گەشاوە دەمێنێتەوە.

کورتەیەک لە ژیانی کاک رەسوڵ قادری:

لە 21/3/1321 (21/3/1942) لە دێی تەرەغە لە دایک بووە.

بابی لە بنەماڵەی سەید جامی قادری و دایکی کچی قازی سەردەشتی بووە.

لە ساڵی 1337 (1958) لە دانشسەرای ورمێ وەرگیراوە و لە نێوان ساڵەکانی 1342-1343 (1963-1964) لە شاری سەردەشت وەکوو مامۆستای فێرگە دامەزراوە و دواتر پێوەندی بە ریزەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانەوە کردوە و وەکوو ئەندامێکی کارا دەستی بە چالاکی حیزبی و سیاسی کردوە.

لە سۆنگەی ئەو چالاکییە سیاسییانەدا لە ساڵی 1345 (1966) لەلایەن دەزگای ساواکەوە گیراوە و دواتر بۆ شاری کەرەج دوور خراوەتەوە.

لە ساڵی 1346 (1967)، کاک رەسوڵ دەرفەتی پێدراوە لە دانشکەدەی حقوقی سیاسیی دانشگای تاران دەست بە خوێندن بکا.

لە ساڵی 1958 (1979) لە ئێرانەوە بەرەو فەرانسە چووە و لە دانشگاکانی نانتێر و سۆربۆن رشتەی حقوقی سیاسی خوێندوە.

کاک رەسوڵ قادری لە دەفتەری نوێنەرایەتی حیزب لە فەرەنسە رۆڵێکی بەرچاوی دەبینی و لە دامەزراندنی ئەنستیتۆی کورد لە پاریسیش لە هیچ پشتگیرییەک درێغی نەکردوە.