دوای شکستی دانوستانەکانی ئاشتی لە ئیسلامئاباد، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە گفتوگۆکان لە بارودۆخێکی ئاڵۆز و لەگەڵ بێمتمانەییەکی زۆردا بەڕێوەچوون.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتاوە چاوەڕوان نەدەکرا ئێران و ئەمریکا بە خێرایی بگەنە ڕێککەوتن و جەختی کردەوە کە دانوستانەکان لە "کەشێکی پڕ لە بێمتمانەیی، گومان و دوودڵیدا" ئەنجام دراون.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم گفتوگۆیانە دوای زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ لە "شەڕی سەپێنراو" و ماوەیەکی کەم دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست بەڕێوەچوون.
بەقایی لە لێدوانێکدا بۆ کاناڵی "خەبەر"ی ئێران جەختی کردەوە: "نەدەبوو لە سەرەتاوە چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە تەنیا لە یەک کۆبوونەوەدا بگەینە ڕێککەوتن."
لەگەڵ ئەوەشدا، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە "دیپڵۆماسی هیچکات کۆتایی نایەت."