کۆماری ئیسلامی لە درێژەی سیاسەتی تۆقاندن و پەرەپێدانی کەشی ئەمنییەتی، جارێکی دیکە بە سیناریۆسازییە کۆنەکانی وەک "سیخوڕی" و "پەیوەندی لەگەڵ دوژمن" و بەبێ بەڵگەی یاسایی، ١٧٣ کەسی لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کردووە.
ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە ١٢٣ کەس لە پارێزگاکانی هەمەدان، سمنان و گیلان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ تۆڕە نەیارەکانی حکوومەت، ئیسرائیل و میدیاکانی دەرەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ئیدیعایە، لە هەمەدان ١٨ کەس لە چوارچێوەی چەند تۆڕێکدا و بە تۆمەتی "کۆکردنەوەی زانیاری لە ناوەندە هەستیارەکان" دەستبەسەر کراون و چەک و تەقەمەنییان لێ گیراوە.
لە سمنانیش دوو کەس بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل دەستبەسەر کراون و لە گیلان ١٠٢ کەس بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ "دروستکردنی نائارامی" دەستبەسەر کراون.
هەروەها ئیدیعای ئەوە کراوە کە ژمارەیەک لەو کەسانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خەریکی فێرکاریی چالاکییە توندوتیژەکان بوون.
هاوکات، فەرماندەیی ئینتزامی لە کرمان هەواڵی دەستبەسەرکردنی ٥٠ کەسی دیکەی لە چوارچێوەی تۆڕێکی جیادا ڕاگەیاندووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو کەسانە بە ناردنی زانیاری لە ناوەندە هەستیارەکانەوە، بەستێنی هێرشەکانیان خۆش دەکرد.
هەروەها نووسینگەی دادستانی گشتیی پارێزگای تەورێز هەواڵی "تۆمارکردنی ١٠ دۆسییە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕەوتی ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا" ڕاگەیاندووە.
هاوتەریب لەگەڵ دەستبەسەرکردنەکان، سیستەمی دادوەریی ئێرانیش بووەتە ئامرازی جێبەجێکردنی ئەم سەرکوتە و بە پێکهێنانی دۆسیەی "سیخوڕی"، دەست بە سەر موڵک و ماڵی هاووڵاتیان و چالاکانی میدیایی دەگرێت.