بێنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، شەوی شەممە ٢٢ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی لاواز کراوە و ئەم وڵاتە چیتر هیچ بنکەیەکی چالاکی پیتاندنی ئۆرانیۆمی لەبەردەستدا نییە.
بە وتەی ئەو، لەو هێرشانەدا بەشێکی بەرچاوی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکیی ئێران لەنێو براون، هەرچەندە تاران هێشتا خاوەنی مووشەک و کۆگایەکی زۆرە کە تواناکەیان لە کەمبووندایە.
نەتانیاهوو هەروەها ئیدیعای ئەوەی کرد کە عەلی خامنەیی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەش بەدوای پەرەپێدانی بەرنامە سەربازییەکان لە بنکە ژێرزەوییە قووڵەکاندا بووە، بە شێوەیەک کە تەنانەت بۆمبھاوێژەکانی B-2یش نەتوانن دەستیان پێ بگات.
ناوبراو ئەم ئۆپەراسیۆنانەی وەک خاوەن "دەستکەوتی مەزن" وەسف کرد و زیادی کرد کە ئەم هەنگاوانە بوونەتە هۆی لاوازکردنی پێگەی ناوچەیی ئێران.
نەتانیاهوو لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە لوبنان وتی کە وتووێژە ئەگەرییەکانی ئاشتی مەرجدار دەبن بە چەکداماڵینی حیزبوڵڵا.
هاوکات، پێکدادانەکان لە باشووری لوبنان بەردەوامن و ئامارێک سەبارەت بە کوژرانی کەسانی مەدەنی بڵاو کراوەتەوە کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراونەتەوە.