ڕۆژی هەینی، ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی، کاوە سوڵتانپەنا ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەمەنی ٥٩ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە شاری لۆرنسکوگی وڵاتی نۆروێژ، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاوە سوڵتانپەنا کوڕی پێشمەرگە و شاعیری ناسراوی کۆچکردوو مامۆستا ئەنوەرخانی سوڵتانپەنا و بێهجەت خانم ئەردەڵانە. لە ساڵی ١٩٦٦ی زایینی لە گوندی تاڵەجاری سەر بە ناوچەی سەرشیوی سەقز لە بنەماڵەیکی شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەر لەدایک بوو. وانەکانی نیشتمانپەروەری لە خزمەت قادرخان و ئەنوەرخانی سوڵتانپەنا فێر بوو و قوتابخانەشی هەر لەو ناوچەیە تەواو کرد.
ناوبراو لە هەڕەتی لاوەتییەوە پەیوەست بە کار و چالاکی سیاسی بوو و سەرەتا لە یەکیەتیی لاوانی سەقز و دواتریش لە تەشکیلاتی نهێنی حیزبی دێموکرات دەستی بە خەبات و تێکۆشان کرد و لەو مەڵبەندە بەوپەڕی شەهامەت و دڵسۆزی و لێهاتوویەوە ئەرک و چالاکییە پێ سپێردراوەکانی جێبەجێ دەکرد.
دواتریش کە بە ناچاری هەڵوەدای غوربەت بوو بەردەوام و شێلگیرانە لە خزمەت دۆزی ڕەوای نەتەوەکەی دابوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەیەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.