کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دروستکردنی ناوەندێکی نوێ لە زانکۆکان بۆ سەرکوتکردنی خوێندکاران

17:38 - 15 سەرماوەز 2723

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە زانکۆی تەورێزدا، کۆمیتەیەکی نوێ بە ناوی (ئێفاد)، بە مانای هەوڵی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی زانکۆ، دامەزراوە.
بە وتەی خوێندکارانی ئەم زانکۆیە، ئەم کۆمیتەیە لەلایەن حەراسەتی زانکۆکانەوە دامەزراوە و بە ناردنی کورتەنامە بۆ خوێندکارە کچەکان داوایان لێ دەکات کە بۆ کۆنترۆڵکردنی حیجاب و شێوازی پۆشینی جلوبەرگەکانیان سەردانی ئەو ناوەندە بکەن.
بەپێی زانیارییەکان، شوێنی دیاریکراو و ئەو کەسانەش کە لە شوێنەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی  حیجابی کچانی خوێندکار جێگیر کراون، وەک یەک نین و خوێندکاران هەرجارەو بانگی شوێنێکی جیاواز دەکرێن.
هەر لەم پێوەندییەدا و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، جێگری ڕاوێژکاری زانکۆی تاران بە ئێکاونتی تایبەتی خۆی و بە بیانووی ئاگادارکردنەوەی خوێندکارانی کچ لە جۆری جلوبەرگیان کورتەنامەی بۆ ناردوون.
کاربەدەستانی ڕێژیم لە زانکۆکان، لە ڕێگەگەلی جیاوازە گوشار دەخەنە سەر خوێندکاران و بە بەزاندنی "سنووری تاکەکەسی" دەستێوەردان لە کاروباری خوێندکاراندا دەکەن.
لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا زانکۆکان مەتەرێزێکی گرینگی بەرخودان و هەستانەوە دژی ڕێژیمی ئێران بوون و خوێندکاران ڕۆڵێکی تایبەتیان لەم سەرهەڵدانەدا لەئەستۆ گرت.
گوشارەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ سەر خوێندکاران، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و پێشگرتن بە دووبارەبوونەوەی چالاکییە خوێندکارییەکان لە چوارچێوەی شۆڕشی ژینادایە.