کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆرەکانی ئەمریکا خوازیاری چاوخشاندنەوە بەسەر سیاسەتی گەمارۆکان دژی ڕێژیمی ئێرانن

17:46 - 15 سەرماوەز 2723

کۆمەڵیک سیناتۆری ئەندام لە کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی سەرماوەز لە نامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوە، وەزیری خەزێنەداری و وەزیری بەرگریی ئەمریکا، داوایان کرد سەرلەنوێ چاوخشاندنێک بەسەر سیاسەتی لێخۆشبوون سەبارەت بە  گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێراندا بکرێت.
ئەو سیناتۆرانە لە نامەکەیاندا نووسیویانە: ئەگەر بمانەوێت هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا بوەستێنین و ڕێگری لە پەرەسەندنی شەڕ لە غەززە بکەین، پێویستمان بە سیگناڵێکی پێشگیرانەی نیزامی، ئابووری و دیپلۆماتیک هەیە. بەداخەوە کاردانەوە نیزامی و ئابوورییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی و گرووپەکانی سەر بەو ڕێژیمە گونجاو نەبووە.
ئەم بەرپرسە ئەمریکییانە لە درێژەی نامەکەدا ڕایانگەیاندووە کە داوا دەکەین هەڵسەنگاندنێک بۆ بە گەڵاڵەی دەوڵەت سەبارەت بە ڕێگریکردن لە دەستدرێژییەکانی ڕێژیمی ئێران و پەرەسەندنی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێ.
ئەو سیناتۆرانە ڕەخنەیان لە ئازادکردنی ٦ میلیارد دۆلار لە داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران لە بەرامبەر ئازادکردنی دەسبەسەرکراوانی ئەمریکایی گرت و وتیان: ئەم بڕیارە مەترسیدارە باجێک بوو کە گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمی لە جیهان بەهێز کرد.