کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە هەوڵی خەوشدارکردنی کەسایەتییە هونەرییەکاندایە

11:48 - 11 سەرماوەز 2723

ڕۆژی هەینی، ١٠ی سەرماوەز، ڕێژیمی ئێران بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی و لە چەواشەکارییەکی تەواودا باسی لە پشتیوانیی هونەرمەندان لە ڕێژیمی ئێران و ئارمانەکانی ڕێژیم کرد.

لەم گرتە ڤیدیۆیەدا، کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی پارێزگاکانی ورمێ و سنە دەبینرێن کە بەزۆرەملێ لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ناچار بە خوێندنەوەی سروودی "ئەی ئیران" کراون.

ئەم گرتە ڤیدیۆییە دوابەدوای ئەوە بڵاو کرایەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش کۆچی دوایی هونەرمەندی گەل، تاهیر خەلیلی، بەرهەمی بە ناوبانگی ناوبراو بە ناوی "لە قەندیلی سەربەرزەوە" لەلایەن ئەم هونەرمەندانەوە و بۆ ڕێزگرتن لە کەسایەتی و تێکۆشانی تاهیر خەلیلی  لە سەردەشت، وترابووەوە.

لەم گرتە ڤیدیۆیەدا و لەم دانپێدانانە زۆرەملێیەدا، بەیاننامەیەک دەخوێنرێتەوە کە تێیدا وەک ڕابردوو باسیان لە گرووپە دژبەرەکانی ڕێژیم کردووە و ڕایانگەیاندووە کە گوایە ئەم هونەرمەندانە ئامانجیان لە ڕێوڕەسمەکەی ڕۆژانی ڕابردووی سەردەشت تەنیا کۆبوونەوە بە دەوری یەکتردا بووە و مەبەستیان لە وشەکانی پێشمەرگە و شەهید، ئەو چەمک و دەستەواژانەن کە لەلایەن ڕێژیمەوە و بۆ کوژراوەکانی ڕێژیم بەکار دێن.

هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ خەوشدارکردنی ناو و کەسایەتیی ئەم هەنەرمەندانە لە کاتێکدایە، کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا و لە درێژەی شۆڕشی ژینادا، هونەرمەندانی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو و بە بڕیاری جۆراوجۆری لە چەشنی بایکۆتی دەنگوڕەنگی ڕێژیم سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان، پشتیوانییان لە ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان کرد.