کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک خالید عەزیزی: هۆی گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر حیزبەکان، بەردەوامیی خەبات لە کوردستانە

18:07 - 15 سەرماوەز 2723

کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئێوارەی سێشەممە، ١٤ی سەرماوەز، لە وتووێژێک لەگەڵ تلویزیۆنی ئیران ئینتەرنەشناڵدا، باسی لە ناڕوونیی داهاتووی عێراق کرد و وتی خەڵكی عێراقیش دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتەن.
کاک خالید سەبارەت بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا وتی: ئەمریکا لە دۆخێکدا نییە کە عێراق بەجێ بێڵێ؛ لە پێوەندی لەگەڵ داعش و گرووپە تێرۆریستییەکاندا دەوڵەتی عێراق ناتوانێ کارێکی ئەوتۆ بکات بۆیە پێم وابێ هێزەکانی ئەمریکا لە داهاتووشدا لە عێراقدا دەمێننەوە.
بەڕێز عەزیزی سەبارەت بە هەبوونی گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیم لە عێراق وتی: من دڵنیام کۆماری ئیسلامی ناتوانێ هەموو پلانەکانی خۆی لە عێراقدا جێبەجێ بکات. داهاتووی عێراق ناڕوونە و ڕەوتە نیابەتییەکانی سەر بە ڕێژیم لە داهاتوودا وەکوو پرسێکی سیاسی بۆ دەوڵەتی عێراق و بەغداد چاویان لێ دەکرێت و لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵک بەرەوڕوو دەبێتەوە.
کاک خالید لەم وتووێژەدا سەبارەت بە ناڕوونیی چارەنووسی حیزبە کوردستانییەکان لە عێراقدا وتی: ئێمە پێشتریش لەگەڵ دەوڵەتی عێراق قسەمان کردووە و پێوەندیمان هەبووە. لەم دواییانەشدا کە ئێران داواکاریگەلێکی لە دەوڵەتی عێراق کرد سەبارەت بەوەی کە ئێمە نابێ لە خاکی عێراق بۆ هێرش بۆ سەر ئێران و کوردستانی ئێران کەڵک وەربگرین یان کوردستانی عێراق بکەینە پشتی جبهەی خۆمان، بەڵێنی خۆمان بەجێ گەیاندووە و هەم لەگەڵ حکوومەتی عێراق و هەم لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانیشتنمان هەبووە.
عەزیزی لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە فەلسەفەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات سیاسی بووە و باوەڕمان وایە کە ئەم خەباتەی خەڵکی کوردستانی ئێران دەبێ درێژەی هەبێ. ئێمە هەمیشە هەوڵمان داوە سەروەریی خاکی عێراق بپارێزین و هۆکاری ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بوونی ئێمە لە خاکی عێراق دەکاتە بیانوو، ئەوەیە کە بەختەوەرانە خەباتی مەدەنی لە کوردستان بەردەوامە و حیزبی دێموکرات لەمبارەوە ڕۆڵی تایبەتی هەبووە.
وتەبێژی حیزبی دێموکرات لە کۆتاییدا باسی لەوە کرد کە ڕێژیم بەردەوامیی مانەوەی خۆی لە دروستکردنی قەیران و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا دەزانێ بۆیە لەگەڵ هەر حیزب، ڕەوتێکی سیاسی یان مەزهەبێک کە وەک خۆی بیر نەکاتەوە خەریکی سازکردنی سێناریۆی شەڕە. دڵنیام کۆماری ئیسلامی بەم ئاسانییە ناتوانێ بەرنامەی نیزامی و ئەمنییەتیی خۆی درێژە پێ بدات و هیوادارم خەباتی مەدەنی دژی ئێران لە نێوخۆ دەست پێ بکاتەوە.