کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستیپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس دوایی شکاندنی ئاگربەست

11:57 - 11 سەرماوەز 2723

ڕۆژی هەینی ١٠ی سەرماوەز، دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستی ٧ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماس، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل، ٢٠٠ خاڵیان لە ناوچەی "خان یونس" لە باشووری غەززە کردە ئامانج و بە دەیان کەس لەو هێرشانەدا کوژران و بریندار بوون.

گرووپی حەماسیش بە ٥٠ ڕاکێت هێرشی کردە سەر باشووری ئیسرائیل.

نووسینگەی بێنیامین نێتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، ڕایگەیاند کە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان، جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئیسرائیل پابەندە بە گەیشتن بە ئامانجەکانی شەڕەکە، واتە ئازادکردنی بارمتەکانمان و لەناوبردنی حەماس و دڵنیابوون لەوەی کە غەززە هەرگیز مەترسی بۆ سەر ئەو وڵاتە دروست نەکات.

لە لایەکی دیکەوە عیزەت ئەلڕەشق، ئەندامی نووسینگەی سیاسیی حەماس لە ماڵپەڕی گرووپەکەدا ڕایگەیاندووە: ئەوەی ئیسرائیل لە ٥٠ ڕۆژی پێش ئاگربەستدا بەدەستی نەهێنا، دوای ئاگربەستیش بە درێژەدان بە هێرشەکانی بەدەستی ناهێنێت.

سەرچاوەکانی فەلەستینی بڵاویان کردووەتەوە کە لە هێرشەکانی ڕۆژی هەینیدا نزیک بە ٢٠٠ کەس کوژراون و ٥٨٩ کەسیش بریندار بوون.