کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی خوێندکار

21:10 - 16 سەرماوەز 2723

مامۆستایان و خوێندکارانی بەهەڵوێست!

جەماوەری سەربەرزی  ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران!

٧٠ ساڵ بەسەر کارەساتی خوێناویی ساڵی ١٣٣٢ هەتاوی تێپەڕیوە کە لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە زانکۆی تاراندا، دژ بە هاتنی ریچارد نیکسۆن، جێگری سەرکۆماری ئەوکاتی ئامریکا کە بە ئەندازیاری کوودەتای ٢٨ی  گەلاوێژ بەسەر موسەدیق و گەڕانەوەی دەسەڵاتی محەممەدڕەزا شای هەڵاتووی ئێران دەناسرا، تێدا سێ خوێندکار ناڕازی لەلایەن دەسەڵاتی ڕێژیمی پالەوی کوژران، هەر لەو سەروبەندەدا بوو کە بزووتنەوەی خوێندکاری لە زۆربەی وڵاتانی دونیا دژ بە دواکەوتوویی و دوگماتیزمی حکوومەتی لە ئارادا بوو، کە بە ڕەنگدانەوەیەک لەو بزووتنەوانەدا گوتاری زاڵی خوێندکارانی ئێران دژایەتیکردنی دەستێوەردانی وڵاتانی زلهێز و سەربەخۆیی سیاسی حکومەتی ئێران و دژایەتیکردنی پەیمانی کۆنسێرسیۆمی نەوتی بوو و لە بەرانبەردا داوای دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دێموکراسییان دەکرد کە ئەم هەڵوێستانە بە یەکەم ئەڵقەی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێراندا پێناسە دەکرێت.

لە دوای ڕووخانی دیکتاتۆریی بنەماڵەی پالەوی و دەسبەسەرداگرتنی شۆڕشی ٥٧ی گەلانی ئێران لەلایەن لایەنگرانی خومەینییەوە، ئەو ڕێژیمە ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی وەک ڕۆژی خوێندکار لە ئێراندا دیاری کرد، بەڵام هەر زوو دەرکەوت کە ئەو کارەیان تەنیا ڕواڵەتێکە بۆ داپۆشینی ناخ و ماهییەتی دژە زانستی و دواکەوتووی ئایدئۆلۆژیای مەزهەبی خۆی و لە ڕاستیدا نەک تەنیا باوەڕی بە مافی خوێندکاران نییە، بەڵکوو هەر لە بنەڕەتدا زانکۆی بە بەربەست زانیوە بۆ بەلاڕێبردنی بیروڕای گشتیی ئێران و لە سەرەتاکانی شۆڕش هەتا دوو ساڵ بە بیانووی جۆراوجۆر ڕێگری لە کردنەوەی زانکۆکان دەکرد، و لەو ساڵانەی دواییشدا بە شێوازی جۆراوجۆر دژایەتیی زانکۆکان و بزووتنەوە خوێندکارییەکانی کردووە، بە جۆرێک کە ئەو سەرکوت و زەبروزەنگانە بزووتنەوەی سەرتاسەریی خوێندکارانی لە ئێراندا ڕادیکاڵتر کردووە و ئەگەر لە ڕابردوودا باس لە فۆڕمی رێفۆرم لە ساختاری حکومەت دەکرا ، لە ئێستادا شوعاری ساختارشکێن و دژایەتی ڕاستەوخۆی بنەماکانی حاکمیەتی دیکتاتۆریی ئایینی دەکرێت لە وێژمانی بزووتنەوەکەدا.

 

خوێندکارانی بەهەڵوێست و خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

پێویستە بزاندرێت کە یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان وەک هەستێکی نیشتمانی و گرنگیدان بە پرسی نەتەوەیی، ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕ کە ڕێکەوتی شەهیدبوونی ڕێبەری شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەهید سمایل شەریفزادە کە لەلایەن ڕێژیمی پالەوییەوە شەهید کرا، وەک ڕۆژی خوێندکاری کورد دیاری کردووە.

ئەگەر پرسی خوێندکارانی کورد لەگەڵ پرسی خوێندکارانی سەرتاسەریی ئێران جیاوازییان هەبێت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خوێندکارانی کورد لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا، لەلایەن هەر دوو ڕێژیمی پالەوی و کۆماری ئیسلامییەوە، لە سەرکوت و زەبروزەنگ، پشکی شێریان بەرکەوتووە و بەتەواوەتی هەست بە چەوساندنەوەی نەتەوەیی لە زانکۆکاندا دەکرێت .

هاونیشتمانیانی دەروەست!

راپەڕینی نوێی گەلانی ئێران و کوردستان بەتایبەت کورد لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاویدا، کە بە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی و (ژینا) ناودێر کرا؛ بە دوایین ویستگەی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێراندا دادەندرێت، خوێندکاران و مامۆستایانی کورد لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هەر لە سەرەتای شۆڕشەکەوە جڵەوی ئەو ناڕەزایەتییە بەرین و سەرتاسەرییەیان گرتە دەست و دژ بە چەوساندنەوەی ژنان کە لە ئاکامی شەهیدکردنی کچە کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی ژینا ئەمینی کە لە شاری تاران بە بیانووی حیجاب لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە شەهید کرا، هەڵویستیان نواند.

لە شۆڕشی نوێدا زانکۆ بوو بە سەنگەری بانگخوازیی ڕۆشنبیران و خوێندکارانی کورد بوونە مەشغەڵداری شۆڕشەکە لە شارە گەورەکانی ئێران و بەشێکی زۆر لە مامۆستایانی زانکۆکانی کوردستان و ئێران ڕۆڵی ڕێبەرایەتیکردنی بزووتنەوەکەیان گێڕا.

هەروەکوو پێشبینی دەکرا، ڕێژیم بە شێوەیەکی زۆر نامەدەنییانە و بە توندترین شێوە وڵامی سەرەتاییترین داخوازییەکانی کە بە شێوازی ئاشتییانە بەڕێوە دەچوو، دایەوە و ڕاستەوخۆ  لە نێو زانکۆکان تەقەی لە خوێندکاران دەکرد و ژومارەیەکی زۆر لە خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆکان و خەڵکی بێدیفاع و بێچەکی ڕاپەڕیوی شەهید کرد، ژومارەیەکی زۆریشی لە خوێندکاران لە خوێندن بێبەش کرد و بەهەمان شێوە مامۆستایانی لە وانەوتنەوە دوور خستەوە. 

ڕێژیم هەر بەوەشەوە نەوەستا و بەدوای سەرکوتی خوێناویی شۆڕشی ژینا، بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و سیستماتیک هێرشی شیمایی کردە سەر قوتابخانە دواناوەندییەکانی کچان کە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە خەیاڵی خۆی تۆلەیان لێ بکاتەوە، لە حاڵێکدا ئەو کردەوەیەی نیشاندەری ئەوپەڕی زەبوونی و ڕەزیلی و ترسی ڕێژیمی ئێرانە .

خوێندکاران و خوێندەڤانانی دەروەست و خۆڕاگر!

ڕاپەڕینی نوێی گەلانی ئێران نیشانەی سەربەرزی و بەچۆکدانەهاتنی گەلانی ئێرانە و سەرکوتی خوێناویی ڕاپەرینەکە نیشاندەری زەبوونی و داماویی ڕێژیم لە ئاستی داخوازییەکانە و پێشەنگایەتی خوێندکاران و پێشڕەوەی مامۆستایانی زانکۆ، نیشاندەری زیندووبوونی بزووتنەوەی خوێندکاری و پێشکەوتووخوازی دروشمی ڕاپەرینەکە دەرخەری ئاستی باڵای هوشیاریی سیاسی و سەردەمیبوونی خەڵک و خوێندکارانە، کە یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان پشتیوانی لە خوێندکاران و خوێندەڤانانی کورد لە کوردستان و ئێراندا بە شانازییەکی تۆمارکراو لە مێژووی خەباتی شۆڕشگێڕیی خۆی دەزانێت و پشتیوانیی خۆمان دووپات دەکەینەوە و پەیمان لەگەڵ شەهیدان نوێ دەکەینەوە .

 

سڵاو لە ڕۆحی پاکی شەهیدان و بنەماڵەی سەربەرزیان!

سڵاو لە خۆڕاگریی زیندانییانی سیاسی!

بڕووخێت ڕێژیمی دیکتاتۆری ئایینیی کۆماری ئیسلامی!

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان 

١٦ی سەماوەزی ٢٧٢٣ی کوردی