کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شۆڕشی ژیناوە هەتا دیاردەی "حیجاب‌بان"

23:20 - 16 سەرماوەز 2723

ڕەزا محەممەدئەمینی

توندوتیژیی دژبە ژنان لە هەموو جیهاندا دەگەڕیتەوە بۆ ڕابردوو و بۆ فەرهەنگی دواکەوتووی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەکاندا کە هەزاران سالە وەک دیاردەیەکی دزێو بە تەوێڵی مرۆڤایەتییەوە نووساوە. بەوحاڵەش لەگەڵ پێشکەوتن و شۆڕشە سیاسی و ئابوورییەکان و گۆڕانگارییە کۆمەڵایەتییەکاندا دیاردەی توندوتیژیی دژبە ژنان و شیوەکانی لەباری چۆنیەتی و چەندایەتییەوە ئاڵوگۆڕی بەسەدا هاتووە.

لەسەردەمی ئێستادا توندوتیژیی دژبە ژنان لە وڵاتانی پێشکەوتوو تا ڕادەیەکی زۆر هەوسار کراوە، یاسای تایبەت بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکانی ژنان لە هەموو بوارەکاندا چەسپێندراوە و بەکردەوە جێبەجێ دەکرێ، لەگەڵ ئەوەشدا دیاردەی توندوتیژیی دژبە ژنان لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیشدا هێشتا بەتەواوی خاشەبڕ نەبووە و ژنان بە وەڕێخستنی جووڵانەوە فیمینیستییەکان لە چوارچێوەی یاساکاندا دژبە هەڵاواردنی ڕەگەزیی تێ‌دەکۆشن. لەڕاستیدا هەر ئەو جووڵانەوە یەکسانیخوازانە و هەڵوێستانە بوون کە پاشەکشەیان بە دیاردەی پیاوسالاری و هەڵاواردن و تەریک‌خستنەوەی ژنان لەو کۆمەڵگەیانەدا کردوە و لەنێوەدا کار و چالاکی هەمەلایەنە و لەخۆبوردوویی بێ‌وچانی ژنان و پشتیوانیی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەت حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و ڕووناکبیران هۆکاری سەرەکیی دەستەبەربوونی ئەو دەسکەوتانەبوون.

  لە وڵاتانی دواکەوتووی جیهان دیاردەی توندوتیژیی دژ بە ژنان و پیاوسالاری وەک دابونەرێتی دواکەوتووی کۆمەڵایەتی کە ئاوێتەی دەسەڵاتی دیکتاتۆڕی و سەرەڕۆییە زۆر بەزەقی خۆ دەنوێنێ و ژنان زۆر بەتوندی دەچەوسێنەوە و ماف و ئازادییەکانیان پێشێل دەکرێ. دیارە لەنێو ئەو وڵات و کۆمەڵگەیانەشدا چەوسانەوە و توندوتیژیی دژبە ژنان لە باری چۆنیەتی و چەندایەتییەوە جیاوازە. بۆ وێنە لە وڵاتانی دیکتاتۆری، بەڵام سیکۆلاردا ڕادە و چۆنیەتی توندوتیژیی دژبە ژنان لەگەل وڵاتانی دواکەوتوو و سەرەرۆ کە یاساکان لە ئیدئۆلۆژییەکی تایبەت سەرچاوە دەگرن جیاوازی هەیە. ئێران لەو چەشنە وڵاتانەیە کە لەودا ژنان لە هەموو بوارەکاندا بەرەوڕووی توندوتیژیی دەبنەوە.

 ڕاستە لە ئێران توندوتیژیی دژبە ژنان و هەڵاواردنی ڕەگەزی ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ دیاردەی پیاوسالاری و دابونەریتێکی دواکەوتووی سەدان ساڵە، بەڵام ئەو دیاردەیە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیدا بەیاسایی کراوە و دەسەڵات بە پشت‌ئەستووربوون بە یاسادواکەوتووەکانی کە لە شەریعەتەوە سەرچاوە دەگرن و دژی مافی مرۆڤ و هەموو یاسا و ڕیسا پەسندکراوەکانی جیهانن، زۆر بەتوندی سەرەتایی‌ترین ماف و ئازادییەکانی ژنان پێشێل دەکا. کۆماری ئیسلامی بە دانانی یاسا دواکەوتوەکانی خۆی بەشێوەی پلانمەند ڕێخۆشکەر بوو بۆ تەریکخستنەوەی ژنان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەی ئێراندا. ئاخوندەکان نەیانشاردووەتەوە و بەئاشکرا هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاریانەوە گوتوویانە و بەکردەوەش سەلماندوویانە کە ژنان دەبێ لە ماڵەوە ملکەچی پیاوان بن و تەنیا، کۆیلەی جنسی و  ماڵ‌بەڕێوەبەر و بوونەوەرێک بن بۆ زاوزێ و زیادکردنی حەشیمەتی وڵات.

  کۆماری ئیسلامی ئازادییە سەرەتاییەکانی وەک شێوەی پۆشینی جلوبەرگی لە ژنان سەندەوە و حیجابی ئیجباری و پەچە و ڕووبەندی بە زۆرەملی، بەکەلک‌وەرگرتن لە دەزگای سەرکوتی خۆی بەسەر ژناندا کێشا. دیارە ژنان هەر لە سەرەتاوە لەدژی ئەو سیاسەتە دواکەوتووانەی کۆماری ئیسلامی ناڕەزایەتییان دەربری و دەیان خۆپێشاندانیان لە تاران و شارەکانی دیکەی ئیران وەڕێخست؛ بەڵام ئاخوندەکان هەرچەشنە ناڕەزایەتی و بەربەرەکانی ژنانیان زۆر بەتوندی سەرکوت کرد و هاوتەریب لەگەڵ پەلاماری هێزەسیاسییەکان و کوشتاری ئازادیخوازان لە بەندیخانەکان، سەدان ژنی ئازادیخوازیش کوژران.

  ئاکامی هەڵاواردنی ڕەگەزی و توندوتیژی بەیاساکراو لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوو لەئیراندا، جگە لە پەڕاوێزخستنی ژنان وەک نیوەی کۆمەڵ لە ئیدارەی وڵات، دەیان کێشەی کۆمەڵایەتیی لێ بۆتەوە کە ئێستا ژنان و بەگشتی کۆمەڵگەی ئیران پێوەی دەناڵێنن. کوژرانی سالانە دەیان ژنان و کچان بە بیانووی نامووس‌پارێزی، چوونەسەری دیاردەی خۆکوژی و خۆسووتاندن لە نێو ژناندا، کچ فرۆشی و بەشوودانی لە تەمەنی منداڵی و بەزۆرەملی، هەژاری و بێکاری و ئاوارەبوون و لەشفرۆشی و گیرۆدەبوون بە ماددەسرکەرەکان و زۆر دیاردەی نامۆی کۆمەڵایەتی دیکە ئاکامی هەڵاواردنی ژنان و سیاسەتە دواکەوتووەکانی کۆماری ئیسلامییە لە ئێراندا.

  سەرەڕای سیاسەتی زەبروزەنگی ئاخوندەکان، ژنان هەروا پێداگرن لەسەر ماف و ئازادییەکانیان و جگە لە نافەرمانییە مەدەنییەکان و بەگژداچوونەوەی سەرکوتکەران کە وەک دیاردەیەکی ڕۆژانە لە ئێرانی لێ‌هاتووە، ژنان لە ماوەی دوودەیەی ڕابردوو لە زۆربەی ڕاپەڕینەکانی ئەو ساڵانەدا لەپێشەوە بوون و لەو پێناوەشدا خوێن و قوربانیی زۆریان داوە و هەرئێستاش بە هەزاران ژنی ئازادیخواز لە بەندیخانەکاندان. بەڵام چڵەپۆپەی راپەڕینی ژنان کە بەڕاستی کۆڵەکەکانی کۆماری ئیسلامییان وەلەرزەخست، شۆرش ژن، ژیان، ئازادی بوو کە بە شەهیدبوونی ژینای کوردان بەدەستی سەرکوتکەرانی کۆماری ئیسلامی دەستی پێ کرد و لە کوردستانەوە تەواوی ئیرانی تەنی. ئەو شۆڕشە سەلماندی کە ژنان گەورەترین هیز و پۆتانسیەلی خەباتن بە دژی دەسەڵاتی ئاخوندەکان و ئەگەر هەلومەرج لەبار بێ دەتوانن دەسەڵاتی ڕێژیم هەڵتەکێنن.

شۆڕشی ژینا نیشانی‌دا ژنانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی غەیری فارس وەک بەلووچەکان جگە لەوەی وەک ژنان توندوتیژیان لەگەڵ دەکرێ و کەوتوونەتە بەر سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزی کۆماری ئیسلامی، ستەمی نەتەوایەتیشیان لەسەرە و دەبێ باجی بۆ بدەن.

  شک لەوەدا نییە کۆماری ئیسلامی وەک چۆن بە شەهیدکردنی ژینا و کوژران و زامدارکردنی سەدان کچ و کور و میرمنداڵی ئازادیخوازی ئیران نەیتوانی خۆی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران دەرباز بکا، بە دانانی"حیجاب‌بان" لە شوێنە گشتییەکانیش ناتوانی وەک پێشوو درێژە بە سەرکوت و ئازاری ژنانی ئازادیخوازی ئیران بدات. گڵۆڵەی ئاخوندەکان لەلێژی‌دایە و شۆڕشی ژینا هەرچەند گڕوتینی پێشووی نەماوە، بەڵام وەک گڕکان وایە کە سەرهەڵدەداتەوە. ئەو ڕێژیمە لەگەڵ دەیان قەیرانی نێوخۆیی و دەرەوە بەڕەوڕوویە و خۆلێ‌دەربازکردنیان بۆ ئاخوندەکان مەحاڵە.