کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید: نابێت دەسبەسەرکراوان بێڕێزییان پێ ‌بکرێت

12:14 - 11 سەرماوەز 2723

هاوکات لەگەڵ زاڵکردنی کەشی ئەمنییەتی لە زاهێدان لەلایەن ڕێژیمەوە، مەولەوی عەبدولحەمید، خوازیاری پێداچوونەوە لە شێوازی دەسەڵاتداری، هەڵسوکەوتی شیاو لەگەڵ زیندانییان و سەرنجدان بە چاوەڕوانییەکان و بیروبۆچۆنی ژنان و لاوان لە کۆمەڵگەدا بوو.

مەولەوی عەبدولحەمید، ڕۆژی هەینی ١٠ی سەرماوەز، لە نوێژی هەینیدا داوای لە ڕێژیم کرد کۆتایی بە کەشی ئەمنییەتیی داسەپاو بەسەر شارەکە و مزگەوتی مەکیدا بێنێ و وتی دەبێ بێڕێزیکردن بە دەسبەسەرکراوان کۆتایی پێ بهێنرێت.

ناوبراو لە وتاری نوێژی هەینیی ئەم حەفتەیەدا باسی لەوە کرد کە پێویستە ڕێز لە دەسبەسەرکراوان بگیردرێت، ناوبراو جەختی کردەوە کە پێویستە ڕێز لە کەرامەتی هەموو مرۆڤەکان بگیرێت و دەسبەسەر کراوان سووکایەتیان پێنەکرێت.

مەولەوی عەبدولحەمید سەبارەت بە شێوازی دەسەلاتدارەتیی ڕێژیمی ئێران وتی: ئەمڕۆ میکانیزم و کاری نوێ پێویستە و دەبێت یاسا و سیاسەت و شێوازەکان بگۆڕدرێن.

ناوبراو هەروەها بازنەی ئایینی بە سنووردار ناو برد و ئاماژەی بەوەش کرد، لە وڵاتێکی فرە نەتەوەدا کە هەموو بیر و تێڕوانینەک بوونیان هەیە و ئایینەکان زۆرن، یەک بیری ئایینی جواب ناداتەوە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، لە کاتی نوێژی هەینیدا هێزەکانی ڕێژیم لە دەوروبەری مزگەوتی مەکی جێگیر کراون.