کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمجەد ئەمینی، سەبارەت بە قەدەغەکرانی چوونەدەرەوەیان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆف، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

11:30 - 19 سەرماوەز 2723

ئەمجەد ئەمینی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک باسی لەوە کرد کە بەپێی بڕیاری وەزارەتی ئیتلا‌عاتی ڕێژیمی ئێران، چوونەدەرەوەیان لە وڵات قەدەغە کراوە.

ڕۆژی شەممە ١٨ی سەرماوەز ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی سەبارەت بە قەدەغەکرانی چوونەدەرەوەیان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆف لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێێدا باسی لە ڕێگریکردنی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ چوونەدەرەوەی خۆی  و بنەماڵەکەی و وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆف کرد.

ئەمجەد ئەمینی لە بەشێک لەم ڕاگەیەندراوەدا نووسیویەتی: سەردانی دادستانیی شاری تارانم کردووە کە بزانم من و بنەماڵەکەم بە چ تاوانێک، مافی شارۆمەندیمان بۆ چوونەدەرەوە لەبەرچاو ناگیرێ بەڵام وڵامێکی ڕوونم وەرنەگرت.  مەگەر بەپێی یاساکان ئەم پرسە پێوەندیی بە بەرپرسی دادوەرییەوە نییە؟ ئەگەر پێوەندی بەوەوە هەیە  بۆچی بە ئێمە ڕانەگەیەندراوە تاکوو بزانین چوونەدەرەوەمان قەدەغە کراوە. خۆمان ئەزانین، تاوانی ئێمە تەنیا ئەوەیە کە بنەماڵەی ژینا ئەمینین.

باوکی ژینا ئەمینی باسی لەوە کردووە کە جێگری یەکەمی دادستانی گشتیی شاری تاران سەبارەت بەم بڕیارە پێی ڕایگەیاندوون کە چوونەدەرەوەی ئێوە بە بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران قەدەغە کراوە و هەتا ڕۆژی ٣٠ی بەفرانبار ناتوانن سەردانی دەرەوەی وڵات بکەن و تا ئەو کاتەش پاسپۆرتەکانتان لە لای هێزەکانی ڕێژیم دەبێ و ئەگەر ماوەی قەدەغەبوونی چوونەدەرەوەتان درێژ نەکرێتەوە، پاسپۆرتەکانتان ڕادەست دەکرێنەوە.

بنەماڵەی ئەمینی پاش وەرگرتنی بانگهێشنامەی فەرمی لەلایەن پارلەمانی ئورووپاوە، بۆ وەرگرتنی ڤیزا، سەردانی ناوەندەکانی ڕێژیمیان کردووە و هیچ یەک لەم ناوەندانە پێیان ڕانەگەیاندوون کە چوونەدەرەوەیان قەدەغەیە.

بڕیار بوو ڕۆژی شەممە، ١٨ی سەرماوەز، بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ وەرگرتنی خەلاتی ساخارۆڤ و لەسەر بانگهێشتی فەرمیی یەکیەتیی ئوروپا، بچنە فەرانسە کە هێزەکانی ڕێژیم پێشیان پێ گرتن.

هەر لەم پێوەندییەدا، سەرۆکی پارلەمانی ئورووپا، سەبارەت بە ڕێگریکردنی ڕێژیم لە چوونەدەرەوەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی، ناڕەزایەتی دەربڕی و وتی داوا لە ڕێژیمی ئێران دەکەم پێداچوونەوەیەک بە بڕیارەکەی خۆی بۆ ڕێگریکردنی لە سەفەری بنەماڵەی ژینا ئەمینیدا بکات.