کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا پشتیوانی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس ناکات

16:03 - 19 سەرماوەز 2723

گرووپی حەماس ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی سەرماوەز ڕایگەیاند، ئیسرائیل زنجیرە هێرشێکی زۆر توندی کردووەتە سەر شاری خان یونس و لەو ناوچەیە شەڕ و پێکدادانێکی سەختیان لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل هەبووە.

وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە بڵاوی کردووە کە تا ئێستا نزیک بە ١٧ هەزار و ٧٠٠ کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە گیانیان لەدەست داوە، کە بەشی هەرە زۆریان ژن و منداڵن هەروەها ٤٨ هەزار و ٧٨٠ کەسی دیکە بریندار بوون.

ئیسرائیل کوژرانی ٥ سەرباز و ئەفسەری خۆی لە غەززە ڕاگەیاند کە کۆی گشتیی کوژراوانی ئیسرائیل لە سەرەتای شەڕەکەوە گەیشتووەتە  ٤٢٥ کەس.

ڕۆژی هەینی ١٧ی سەرماوەز ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بۆ دەنگدان لەسەر ئاگربەستی غەززە کۆبووەوە، بەڵام نوێنەری ئەمریکا بە ئەنجومەنەکەی ڕاگەیاند، پشتیوانی لە ئاگربەست ناکەن.

هەروەها ڕۆبێرت وود، جێگری باوێزی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش وتی، ئەگەرچی ئەمریکا بەهێزەوە پشتیوانی لە ئاشتییەکی بەردەوام دەکات کە تێیدا ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان بتوانن بە ئارامی بژین، ئێمە پشتیوانی لە بانگەوازەکانی ئاگربەستی دەستبەجێ ناکەین، چونکە حەماس هیچ خواستێکی بۆ ئاشتیێکی بەردەوام لەپێناو چارەسەری دوو دەوڵەتدا نییە.