کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەتایبی حیزبوڵڵا هەڕەشەی چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکای کرد

16:12 - 19 سەرماوەز 2723

بەرپرسێکی باڵای گرووپی چەکداریی کەتایبی حیزبوڵڵا لە عێراق، هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زیاتر بۆ سەر ناوەند و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە عێراق کرد.

ڕۆژی هەینی ١٧ی سەرماوەز باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بە چەند مووشەکێک کرایە ئامانج.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشە مووشەکییەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هێرشەکانی سەر دامەزراوەکانی ئەمریکای مەحکووم کرد و ڕایگەیاند: "ئەو میلیشیانەی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە بە ئازادی لە عێراق چالاکی دەکەن، هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هێزەکانی ئەمریکا  لەو ناوچەیەدا، هەروەها پێویستە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستبەجێ مامەڵە لەگەڵ ئەو هێرشانەدا بکەن.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وێڕای دەرکردنی فەرمانی خێرا بۆ لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ سەبارەت بە هێرشەکان، ئەم هێرشەی بە  کردەوەیەکی تێرۆریستیی دژی نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماتیک ناو برد.

لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ سوودانی، بە ئاماژەدان بە کردەوەی گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق، وتی ئەمریکا مافی خۆیەتی کە وڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە.

بەرپرسانی ئەمریکی ڕایانگەیاندووە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ملیشیاکانی ئێران لە عێراق زیاتر لە ٨٠ هێرشیان کردووەتە سەر ناوەند و بەرژەوندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریە.