کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ھەرێمی کوردستان درۆنێکی لە نزیک بنکەیەکی ئەمریکا لە هەولێر خستە خوارەوە

10:54 - 11 بەفرانبار 2723

ڕێکخراوی دژەتیرۆری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانبار ڕایگەیاند، سیستمی بەرگریی هەرێمی کوردستان درۆنێکیان لە ئاسمانی فڕۆکەخانەی هەولێر کە هێزەکانی ئەمریکا و هێزە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی تێدا جێگیرن، خستە خوارەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز''، سەرچاوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندووە، ئەم هێرشە هیچ زیانێکی گیانی و زیانی ماڵیی بەدواوە نەبووە و گرووپی ناوسراو بە موقاومەتی ئیسلامی لە عێراق، بەرپرسایەتیی هێرشەکەیان لەئەستۆ گرتووە .

بە وتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممە دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر لە خستنەخوارەوەی دوو درۆن لە ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە نزیک بنکەیەکی سەربازی لە باکووری عێراق کە شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و بنکەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە حەریر بووە، خراوەتە خوارەوە.

لەو پێوەندییەدا وتەبێژی ئەرتەشی عێراق ڕایگەیاندووە، محەممەد سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دەرکردووە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوە بکرێت و بەڵێنی داوە بەدواداچوون بکات بۆ ئەو کەسانەی کە لە هێرشەکەی ڕۆژی شەممە بەرپرسیارن و ناچار بە وڵامدانەوەیان بکات.

لە سەرەتای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە لە ١٥ی ڕەزبەرەوە، گرووپە میلیشیاکان لە ناوچەکە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، هێرشەکانیان دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا زیاتر کردووە.

ئەم هێرشانە کەمترین زیانیان بەدواوە بووە، بەڵام هێرشی بەرامبەری ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو گرووپانەی کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانیان لێ دەکات زۆر جار قورس بووە.