وەزیری پەروەردەی ڕێژیم باسی لە دامەزراندنی ١٩ هەزار ئاخوندی دیکە لە قوتابخانەکان بە ناوی "مامۆستای پەروەردە" کردووە تاکوو لەم ڕێگەوە سەرکوتی ناڕەزایەتیی قوتابییان بکەن.
ڕەزا مورادسەحرایی لەمبارەوە وتی ئامانجی ئێمە بەردەوامیی ئامادەبوونی مامۆستایانی ئایینی لە قوتابخانەکانە و لە ئێستادا ٧ هەزار و ٢٨٠ نوێژخانە لە قوتابخانەکاندا خەریکی ئامادەکرانن.
ئەم وتانەی مورادسەحرایی لەکاتێکدایە کە قوتابخانەکانی ئێران ڕووبەڕووی کەمیی مامۆستا بوونەتەوە و لانیکەم سێ ملیۆن قوتابی لە قوتابخانە کۆن و مەترسیدارەکان درێژە بە خوێندن دەدەن.
دۆخی خراپی قوتابخانەکان لە ئێران بە ڕادەیەکە کە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمیش دانی پێدا دەنێن و باسیان لەوە کردووە کە ١١ لەسەدی قوتابخانەکان سیستەمی ئاوی شارییان نییە.
مورادسەحرایی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە بزووتنەوەی سەراسەری بە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی لە ساڵی ڕابردوو، جێگیرکردنی ئاخوندەکانی لە قوتابخانەکان بە "ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکانە" ناو برد و ڕایگەیاند کە دەبێت لە ڕێگەی قوتابخانەکانەوە پێشی پێ بگرن.
دامەزراندن و جێگیرکردنی ١٩ هەزار ئاخوندی دیکە لە قوتابخانەکاندا لەکاتێکدایە کە پێشترێش ٢٨ هەزار ئاخوند لە ژێر ناوی "تەرحی ئەمین"، لە قوتابخانەکاندا جێگیر کرابوون.
وێدەچێت کە پیلانی ڕێژیم دامەزراندنی ١٠٧ هەزار ئاخوند لە قوتابخانەکانی ئێران بێت تاکوو بەم شێوە هەر قوتابخانەیەک ئاخوندێکی بۆ سەرکوت و پەرەدان بە ئیدۆلۆژیی ڕێژیمی ئیسلامیی تێدا بیت.
ئەم پیلانە نوێیەی ڕێژیم لە درێژەی هەوڵەکانیدا بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە قوتابخانەکان و هەروەها شۆردنەوەی مێشکی منداڵان و پەرەدان بە ئیدۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی لە قوتابخانەکاندایە.
پێشتر حەفتەنامەی پزیشکی "لەنسێت" یەکێک لە بەناوبانگترین گۆڤارە زانستییەکانی جیهان، لە وتارێکدا باسی لە شۆردنەوەی مێشکی منداڵان لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە کردبوو و جەختی کردبووەوە کە ئەمە دژایەتییەکی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ پرۆسەی سروشتیی گەشەکردن هەیە و کاریگەری دەروونیی زۆر خراپی لەسەر ژیانیان دەبێت.