کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێ‌هیوایی هۆکاری سەرەکیی دابەزینی خوێندنە

17:24 - 18 بەفرانبار 2723

دۆخی خوێندن لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بە شێوەی بەرچاو دابەزینی بە خۆوە بینیوە بە جۆرێک کە بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، نێونجی نمرەی قوتابییان لە چەن پارێزگای ئێراندا گەیشتووەتە ئاستی سوور و پەرتەقاڵی؛ ئەمە بەو مانایەیە کە نێونجی نمرەی قوتابییان لەم پارێزگایانە ١٠ یان کەمتر لە ١٠ بووە.

هەر لەمبارەوە ڕەزا ئومیدی، کۆمەڵناس، باسی لەوە کردووە کە دۆخی نێونجی خوێندنی قوتابییان لە پارێزگاکان، تا ڕادەیەکی زۆر پێوەندیی بە پرسی هەژاری لە وڵاتدا هەیە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، نێونجی نمرەی قوتابییانی زانستی لە ساڵی ٩٨دا، ١٣.٧٧ بووە کە گەیشتووەتە ١١.٢٣ لە ساڵی ١٤٠٢دا، نێونجی قوتابییانی بیرکاری لە ساڵی ٩٨دا ١٣.٢٨ بووە کە لە ساڵی ١٤٠٢دا گەیشتووەتە ١٠.٧٩ .

جێگری  بەرپرسی کۆمیسیۆنی پەروەردەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی سەبارەت بە دابەزینی ئاستی خوێندنی قوتابییان ڕایگەیاند کە ئەم بابەتە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە بێهیوایی ئەم توێژەی کۆمەڵگە لە داهاتووی کارییەوە هەیە.

 مێهدی ئیسماعیلی لەمبارەوە باسی لەوە کردووە کە داهاتووی کاری یەکێک لە بزوێنەرە گرینگەکان بۆ قوتابییانە و بێگومان بەرزبوونەوەی نرخی بێکاریی لاوان دەبێتە هۆی بێهیوابوونی قوتابییان لە خوێندن و کوالێتیی فێرکاری و پەروەردەش دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دابەزینی ئاستی خوێندنی قوتابییان هەڕەشيیەک بۆ داهاتوو بە ئەژمار دێت و ئەگەر دەرچووانی قوتابخانەکان بەو ئاستە خوارەوە بچنە زانکۆکان، کوالێتیی فێرکاریی تووشی داڕمان دەبێت و ئەمە زیانێکی جیددی بە داهاتووی وڵات دەگەیێنێت.

ڕوووداوەکانی یەک ساڵی ڕابردوو و سەرکوتی قوتابییان و خوێندکارانیش لە هۆکارە سەرەکییەکانی وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن و هەروەها دابەزینی ئاستی خوێندنە.

ئەمە لەکاتێكدایە کە بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتی بیرکردنەوە لە خەسارناسیی بابەتەکە و چارەسەرکردنی کیشەی خوێند، بیر لە جێگیرکردنی ئاخوندەکان لە قوتابخانەکا بۆ پەرەدان بە ئیدئۆلۆژیی ئیسلامی دەکەنەوە.