کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم سزای سەرپێچیکردن لە یاساکانی هاتوچۆ سێ هێندەی ڕابردوو بەرز دەکاتەوە

17:31 - 18 بەفرانبار 2723

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بەفرانبار، بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆی ڕێژیمی ئێران بڕیاری چوار دەزگای ڕێژیمی بۆ بەرزکردنەوەی سێ هێندەی ڕابردووی بۆ سزای سەرپێچیکردن لە یاساکانی هاتوچۆ ڕاگەیاند.

کەماڵ هادیانفەر، بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆی ڕێژیم، بە هەواڵدەریی ئیسنای ڕاگەیاند، بڕیارە بڕی سزای سەرپێچیکردن لە یاساکانی هاتوچۆ بە شێوەی نێونجی ٣.١ زیاد بکرێت، بەڵام ئەم بڕە بەپێی بڕی سەرپێچییەکانی ڕووداوەکانی هاتۆچوو دەگۆڕێت و ڕەنگە لەو ڕێژەیەی کە باس کراوە کەمتر یان زیاتر بێت.

بە وتەی هادیانفەر، بڕیاردان لەسەر بڕی سزای سەرپێچیکردن لە یاساکانی هاتوچۆ لە ئەستۆی چوار دەزگایە، لەوانە پۆلیس و وەزارەتخانەکانی دادگوستەری، نێوخۆ و ڕێگاوبان. لەم خولەی ئەم دواییەی کۆبوونەوەکانی ئەو دەزگایانە سەبارەت بە بڕی سزای سەرپێچیکردن لە یاساکانی هاتوچۆ، باسی گشتی لەسەر ئەو پرسە بووە کە پێویستە بڕی سزاکە ئێستا شەش هێندە زیاد بکرێت.

پۆلیسی هاتوچۆی فەرماندەیی ئینتزامی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، بڕیاری ئەم ناوەندانە بۆ سێ بەرابەرکردنی سزای هاتوچۆ، ڕەوانەی هەیئەتی دەوڵەت کراوە و کە پەسەند کرا بۆ جێبەجێکردن ئاگادار دەکرێنەوە.

سەپاندنی تێچووی زۆرەملێ بەسەر هاووڵاتیاندا لەکاتێکدایە کە توانای کڕینی بنەماڵەکان لە ئێران بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر کەم بووەتەوە و سفرەی خەڵک ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بچووکتر دەبێتەوە.

هەروەها لەم دواییانەدا، میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند کە لانیکەم ٣٠ لەسەدی نرخی ئینتەرنێت لە ئێران بەرز دەبێتەوە، زۆرێک لە کارناسان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیمی ئێران بە بەرزکردنەوەی نرخەکان دەیهەوێت کەمیی بودجە لەسەر گیرفانی خەڵک قەرەبوو بکاتەوە.