ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بەفرانبار، هەواڵدەریی فەرانسە ڕایگەیاند کە یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی گرووپی تیرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان بە ناوی وسام حەسەن تەویل، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری ئەم وڵاتە کوژراوە.
وسام حەسەن تەویل، لە فەرماندەکانی هێزی تایبەتی "ڕزوان"ی حیزبووڵڵا بووە کە دوابەدوای هێرشی پەهبادەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل و کرانە ئامانجی ماشینەکەی لە باشووری لوبنان کوژراوە.
وسام حەسەن تەویل، بەرپرسایەتیی ڕێبەریکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنانی لە ئەستۆ بووە.
ئەو بەرپرسە ئەمنییەتییەی کە ئەم هەواڵەی بە هەواڵدەریی فەرانسە گەیاندووە نیگەرانیی خۆی لە بڵاوبوونەوەی شەڕ و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ لوبنان دەربڕیوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم فەرماندەیە ڕۆڵی سەرەکیی لە هاواهەنگیی ئۆپەراسیۆنەکانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان هەبووە کە لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ماشینەکەی کوژرا.
لەو پێوەندییەدا ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی شەممە ١٦ی بەفرانبار، سەبارەت بە ئەگەری پەرەگرتنی شەڕ بۆ لوبنان باسی لەوە کردبوو کە یەکێک لەو ناوچانەی کە نیگەرانیی جیددی لەسەرە سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنانە و دەمانەوێت هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کە لەو ناوچەیە گرژییەکان پەرە نەگرێت.
پێشتریش بەرپرسێکی ئیسرائیلی باسی لەوە کردبوو ئەگەری ڕووبەرووبوونەی ئیسرائیل لەگەڵ حیزبوڵلای لوبنان لەئارادایە.