کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ناکشێنەوە

11:19 - 19 بەفرانبار 2723

سەرۆکوەزیری عێراق محەممەد شیاع سوودانی لە چوارەمین ساڵڕۆژی کوشتنی قاسم سولێمانی تێرۆریستدا وتی کە دەوڵەتی عێراق خەریكی دروستکردنی کۆمیتەییەکی دوو ڕەهەندی بۆ کۆتاییهێنان بە کار و چالاکیی هێزە هاوپەیمانەکان بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا لە عێراقە.

قسەکانی سوودانی کاردانەوەی ئەمریکای لێکەوتەوە، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی سەماوەز ژێنێراڵ پاتریک ڕایدێر وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکدا ڕایگەیاند کە لە ئێستادا ئەمریکا هیچ بەرنامەییەکی بۆ کشانەوەی نزیک بە ٢ هەزار و ٥٠٠ سەربازی خۆی کە بە داواکاریی دەوڵەتی عێراق لەوێ جێگیرکراون نییە و وتی کە  ئێمە لەسەر کاری خۆمان واتە کۆتاییهێنان بە داعش لەو ناوچەیەدا بەردەوامین.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ قسەکانی سوودانی کاردانەوەی نیشان دا و وتی کە لە ئێستادا هێزە چەکدارەکانی عێراق، هێز و دەسەڵاتی پێویستیان بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ئەو وڵاتە هەیە و کاتی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقە.

ڕێژیمی ئێران و گرووپەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە ماوەی ڕابردوودا لە گەڵ دەستپێکی شەڕی ئێستای حەماس و ئیسرائیل زیاتر لە ١٠٠ جار بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریە و عێراق و لەو ڕێگەیەوە دەیانهەوێ گوشار بخەنە سەر ئەو دوو وڵاتە کە هێزەکانی هاوپەیمانان لەو دوو وڵاتە دەر بکرێن.