کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی داوای لە قائانی کرد لە پشتیوانیکردنی گرووپە نیابەتییەکان بەردەوام بێت

17:38 - 11 بەفرانبار 2723

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانبار، داوای لە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسداران کرد کە لە پشتیوانیکردنی گرووپە نیابەتییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت.

خامنەیی لە دیدارێکدا لەگەڵ حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران و قائانی و بنەماڵەی قاسم سلێمانیی تێرۆریست، ڕوو بە ئیسماعیل قائانی، وتی لە بەهێزکردنی هێڵی بەرەی مقاومەت بەردەوام بێت.

ئەم لێدوانەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەحاڵێکدایە کە دووشەممەی ڕابردوو سەید ڕەزی موسەوی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و لە یاریدەدەرانی قاسم سلێمانیی تێرۆریست لە سووریە لە هێرشی مووشەکی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵەکەی لە دەمێشق کوژرا.

قسەکانی خامنەیی و پێداگرییەکانی بۆ بەردەوامبوونی هەوڵەکان بە مەبەستی ناسەقامگیرکردنی ناووچە لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی کوژرانی قاسم سلێمانی، ئەگەری زۆربوونەوەی هێرشی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیم زیاتر دەکاتەوە.