کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکاڵای چوار وڵاتی ڕۆژاوایی لە ئێران سەبارەت بە خستنەخوارەوەی فڕۆکی ئۆکراینی

12:13 - 19 بەفرانبار 2723

کانادا، بریتانیا، سوید و ئۆکراین بەهۆی ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراینی لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٨، بە فەرمی سکاڵایان لە شۆرای هەوانەوەردیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ( ئیکائۆ) تۆمار کرد. 

ئەو چوار وڵاتە ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بەفرانبار لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند: ئێمە ئەمڕۆ دژی کۆماری ئیسلامی بەهۆی کەڵکوەرگرتن لە چەک دژی فڕۆکەیەکی موسافیربەری لە حاڵی فڕیندا، بەشێوەی هاوبەش سکاڵامان ڕادەستی شۆرای هەوانەوەردیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان( ئیکائۆ) کرد.

لە سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا ئەو چوار وڵاتەی ئاماژەیان پێ کراوە سکاڵایان لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە لاهە تۆمارکردبوو، بەڵام تاران ئەم سکاڵایەی ڕەت کردەوە و داواکارانی ئەو دۆسییەی بە مەبەستی سیاسی تۆمەتبار کرد.

ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، فڕۆکەی ئۆکراینی لە تاران لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە دوو مووشەک کرایە ئامانج و ١٧٦ موسافیری ئەو فڕۆکەیە گیانیان لەدەست دا کە بەشیکی زۆری موسافیرەکانی خەڵکی کانادا، بریتانیا، سوید و ئوکراین بوون. ئێستاش ئەو وڵاتانە جەختیان کردووەتەوە کە ئێران لەو بوارەدا دەبێ وڵامدەر بێت.