کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەبردنی غەززە لەلایەن پێنج وڵاتی موسڵمانەوە

12:53 - 19 بەفرانبار 2723

تورکیە و چوار وڵاتی عەرەبیی ناوچەکە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبەرایەتیی غەززە، لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، ڕێک کەوتن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بەفرانبار پاش سەردانی بۆ تورکیە، عەرەبستان، ئیمارات، ئۆردۆن و قەتەر ڕایگەیاند کە سەرۆکانی ئەو وڵاتانە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەی شەڕ لە ناوچەکەدا هاودەنگن و بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبردنی غەززە، پاش کۆتایی شەڕ، ڕێککەوتوون.

پەسەندکردنی ئەم ڕێککەوتنە لەکاتێکدایە کە پێش سەردانەکەی بلینکێن بۆ ناوچەکە، ئەم پێنج وڵاتە لەهەمبەر داواکارییەکانی ئەمریکا لە سەر ئەم پرسە، ناکۆک بوون و ڕایانگەیاندبوو تاکوو ئاگربەستێک واژۆ نەکرێت ڕازی بەم ڕێککەوتنە نین.

بلینکێن بڕیارە کە لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە پێبەندییەکانی ئەو پێنج وڵاتە بە بێنیامین نێتانیاهوو و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و هەروەها مەحموود عەباس، ڕێبەری فەلەستین و فەتاح ئەلسیسی سەرۆککۆماری میسر ڕابگەیەنێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە عەرەبستان، هێشتا حەز بە ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەکات، بەڵام خوازیاری کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ڕێگەیەک بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستینییەکانە.

هەروەها جێی ئاماژەیە کە یەکێک لە تەوەرەکانی چاوپێکەوتنی بلینکێن لەگەڵ سەرۆکانی وڵاتە عەرەبییەکان، کەمبوونەوەی گرژییەکانی شەڕ لە لوبنان، سووریە، عێراق و هەروەها دەریای سوور بوو.

ئانتۆنی بلینکێن لە درێژەی ئەرکە دیپلۆماتیکەکەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، گەیشتە ئیسرائیل.