کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆردۆن هێرشی ئاسمانیی کردە سەر قاچاخچییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە

13:00 - 19 بەفرانبار 2723

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٩ بەفرانبار، هێزە ئاسمانییەکانی ئۆردۆن بۆ جاری سێهەم لەم مانگەدا هێرشییان کردە سەر حەشارگەی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆی سووریە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز،  ئەرتەشی ئۆردۆن دوای زنجیرە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ دەیان گۆمانلێکراوی پێوەندیدار بە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە قاچاخی چەک و تەقەمەنییان بۆ سنووری سووریە دەکرد، شەڕی خۆی لەگەڵ بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بەو ڕێژیمە چڕتر کردووەتەوە.

ئوردن و هاوپەیمانە ڕۆژاواییەکانی، حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی دیکەی لایەنگری ڕێژیمی ئێران بە بازرگانیکاری ماددە هۆشبەرەکان ناو دەبەن.

هەروەها کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی ئەمریکایی و ئورووپایی پێیان وایە تۆڕی بازرگانیکردنی ماددە هۆشبەرەکان، باری دارایی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی لایەنگری حکوەمەتی سووریە دابین دەکات.

بەرپرسانی ئۆردۆن ئاماژە بەوە دەکەن کە دانوستانەکان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سووریە بۆ کەمکردنەوەی قاچاخ لەژێر چاوەدێریی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بە هۆی ناکارامەیی حکوومەتی سووریە لە جێگیرکردنی نەزم لە ناوچەی باشووری ئەو وڵاتە، وەستاون.