کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناردنی هاوکارییە مرۆییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ باکووری غەززە ڕاگیراوە

17:50 - 19 بەفرانبار 2723

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاندووە کە بۆ چوارەمین جار ناچار بووە بەرنامەی گواستنەوەی کەرەستەی پزیشکیی پێویست بۆ نەخۆشخانەی ئەلعودە و دەرمانخانەی ناوەندەی باکووری غەززە هەڵبوەشێنێتەوە.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند کە بەهۆی نەبوونی گەرەنتی ئەمنییەتییەوە ناچار بووە ڕۆژی یەکشەممە ئەرکی گەیاندنی کەرەستەی پزیشکیی پێویست بۆ پێنج نەخۆشخانەی باکووری کەرتی غەززە هەڵبوەشێنێتەوە.

نووسینگەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە فەلەستین شەوی یەکشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس پەیامێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە بوردمانی قورس و سنووردارکردنی جووڵە و پچڕانی پێوەندییەکان وای کردووە کە گەیاندنی ڕێکوپێکی پێداویستییە پزیشکییەکان لە سەرانسەری غەززە، بەتایبەتی لە باکوور جێبەجێ نەبێت.

ئەوە لەحالێکدایە کە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند کە نزیکەی دوو سەد بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی گەیشتووەتە غەززە .