کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەیشولعەدل هێرشی کردە سەر بنکەیەکی ڕێژیم

11:43 - 20 بەفرانبار 2723

ماڵپەڕی حاڵ‌وەش بڵاوی کردەوە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار، هێرشێکی چەکداری کراوەتە سەر بنکەی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم لە گوندی بیدلد سەر بە شاری ڕاسک لە پارێزگای بەلووچستان و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا پاسدارێکی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم بە ناوی "ئەمیرحوسێن حوسێن‌ئابادی" کوژراوە.

ماڵپەڕەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیش هەواڵی هێرشەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی حاڵ‌وەش کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی شەوی ڕابردوو، هێرشەکە ئەنجام دراوە و تا نزیک بە ٤ کاتژمێر شەڕ و تەقە کردن بەردەوام بووە، هەروەها هێزە هێرشکەرەکە ڕێگا سەرەکییەکانی دەوروبەری بنکەی ڕێژیمی بە تەواوەتی گرتووە و ڕێگەی نەداوە هیچ هێزیەکی دیکەی ڕێژیم بێنە ئەو ناوچەیە.

دوای هێرشەکە، گرووپی "جەیشولعەدل" بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک لە ماڵپەڕی تایبەت بە خۆیان، بەرپرسایەتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.

جەشولعەدل ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێكی تاکتیکیدا خەساری گیانی و ماڵیی زۆر بەر ئەو بنکەی ڕێژیم کەوتووە کە دواتر بە وردەکارییەوە ئاشکرایان دەکەین.

پێشتریش لە ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەزی ئەمساڵدا گرووپی "جەیشولعەدل" هێرشی چەکداریی کردبووە سەر بنکەی فەرماندەیی ڕێژیم لە شار ڕاسک و نزیک بە ٢٠ کەس لە هێزەکانی ڕێژیم لە ئەنجامی ئەوە هێرشەدا کوژران و بریندار کران.