کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێرێزی هێزەکانی ڕێژیم بە بنەماڵەی کوژراوانی فڕۆکەی ئۆکراینی لە شاری سەقز

11:57 - 20 بەفرانبار 2723

لە چوارەمین ساڵوەگەڕی کوژانی سەرنشینەکانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بەفرانبار، بنەماڵەی ڕزگار ڕەحیمی لە گۆڕستانی شانازی سەقز چووبوونە سەر مەزاری کوڕەکەیان کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە بێڕێزییەکی زۆریان پێ کرا.

هەواڵدەریی ''کوردپا'' لە زاری سەرچایەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان پێشتر گۆڕستانەکەیان گەمارۆ داوە و هێزەکانیان جێگیر کردوون. کاتێ بنەماڵەی ڕەحیمی کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ گەیشتنە گۆڕستانەکە، هێزە لیباس شەخسییەکان بێڕێزییان بە بنەماڵەکە کرد و وتیان "کوژراون با کوژرابێتن، مافی ئەوەتان نییە پووستێر دابنێن، مافی ئەوەتان نییە بڵیندگۆ دابنێن، جگە لە قورئان مافتان نییە هیچ شتێک بخوێنن". هێزە لیباس شەخسییەکان بێڕێزییان بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکەش کردووە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە، دەوری گۆڕستانەکە بە ماشینی سەمەندی سپی و بە ژمارەی سنە و هێزی ماتۆڕسوار گەمارۆ درابوو. نێو گۆڕستانەکەش هێزی لیباس شەخسیی لێ بوو و ژنێکیش کە سەر بە لیباس شەخسییەکان بوو لەنێو خەڵکەکەدا بوو.

"ڕزگار ڕەحیمی"، خەڵکی سەقز، هاوسەرەکەی "فەریدەغوڵامی" خەڵكی شاباد و کوڕە ٤ ساڵانەکەیان "ژیوان"، لەگەڵ کۆرپەڵەیەکی چەند مانگەی فەریدە غوڵامی، یەکێک لە بنەماڵە کوژراوەکانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بوون.

تەرمی "ڕزگار ڕەحیمی"، لە گۆڕستانی شانازی سەقز و هەروەها تەرمی "فەریدە غوڵامی" و کوڕە ٤ ساڵانەکەیان "ژیوان" بەو هۆیەوە کە لە کرماشان لەدایک بوون، لە گێڵانغەرب بە خاک ئەسپێردراوە.

فەریدە غوڵامی لیسانسی تەڕاحی سەنعەتیی هەبوو، ساڵی ٨٣ چووەتە زانکۆی عیلم و سەنعەتی ئێران و لە کانادا تێکنێسیەنی کۆمپانیایەکی کارەبا بوو.

فەریدە و ڕزگار ٧ ساڵ پێش، بە بوورسییەی خوێندنی ڕزگار و بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن و وەرگرتنی دوکتورا کۆچیان بۆ کانادا کردبوو.