کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێوبردنی ٢١ پەهباد و مووشەکی حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور

12:35 - 20 بەفرانبار 2723

سێنتکام لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و لەنێوبردنی ٢١ی پەهباد و مووشەکی ئەم گرووپە لەلایەن ناوگانی دەریایی ئەمریکا و بریتانیاوە کرد.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بەفرانبار، سێنتکام ڕایگەیاند کە ١٨ پەهبادی هێرشبەری دروستکراوی ڕێژیمی ئێران، دوو مووشەکی کرووزی دژە کەشتی و مووشەکێکی بالستیک کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە بەرەو هێڵی کەشتیوانیی باشووری دەریای سوور هاویژراون، بە هەوڵی ناوگانی دەریایی ئەمریکا و بریتانیا، تێک شکاون.

بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، دوابەدوای ئەم هێرشە هێج زیانێک بەر کەشتییە بازرگانییەکان و ناوە شەڕکەرەکان نەکەوتووە.

سێنتکام ئەم هێرشەی بە ٢٦ـەمین هێرشی حوسییەکان بۆ سەر هێڵی کوشتیوانیی بازرگانی لە ٢٨ی خەزەڵوەرەوە ناو برد.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی ١٣ی بەفرانبار ١٤ وڵات لەوانە ئەمریکا، بریتانیا، ئاڵمان و ئیتالیا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایانگەیاند کە لە ئەگەری درێژەکێشانی هەڕەشەکان بۆ سەر ژیان، ئابووریی جیهانیی و ڕەوتی ئازادی بازرگانی لە ئاوەڕۆ گرینگەکانی جیهان لەلایەن حوسییەکانەوە، دەبێ چاوەڕوانی ئاکامەکەی بن.

هێرشە بەربڵاوەکانی حوسییەکان بۆ سەر هێڵی کەشتیوانی لە ئاوە ئازادە بازرگانییەکان، لە ڕێگەی پەهباد و مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەکرێ.