کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوورانی ڕۆژ

22:31 - 11 بەفرانبار 2723

شاڕوخ حەسەن‌زادە

ئەمشەو وزەی سەرما گڕ دەگرێ و لەسەر دوندی "ئاز" بەناو تەمێکی چڕ بەسەر ئاسمانی کەونی نیشتمانێک لە پەنا گەرمای کورسی و شەوچەلەی سەر بەڕيی ڕەنگین، شنەی شەتاوی خاک دەگاتە یەڵدا و ئەستێرەکان مات و، مانگ خەرمانەی دەڕژێتە سەر بێشکە، شەماڵ بە دەسرازەی شلکەوە لانکەی خولیای ڕاژان و پەرتووکێک لە مێژووی گەل، بە چرۆی گزینگی بزەی دایک و ئامێزی نیشتمان، ئەفسانەیەک سەری بەرزی دەگاتە مێژوو و کلوو کلوو تیشکی ڕووناکیی دەڕژێتە هەناوی گەل.

لەژێر سێبەری قەڵای دمدم، لە ساڵی شەومیی سمکۆ، لەنێو دیرۆکی پڕ دهۆی عەجەم، لە باژێری کەسکی سێو و ئاونگی ترێ، لە ئاوایی چیا و باغ و بێستانی و بۆنی بێ و شەمامەی بەرکەول و لە بەرقەد و لاپاڵی بەر ڕۆژ، لە ژێر خوڕەی سۆلاڤی کورمانج، لەئاخێزگەی خۆزاوی هەورام کۆرپەیەک بەتەوێڵی یەڵدایی و بزەیەک لەسەر لێو، لە ئاوەز و پشت و باهۆی چاریق، خۆرێک لەدایک بوو، باوەڕێک پنجی داکوتا.

بەباڵا هەموو چیاکان بە ئاوەز ئاخی کوردستان بە بزە جامانەیەکی لار بە تێکۆشان شۆڕش و بەرخودان، بە زانست ئەوپەڕی ڕەگەز، شەوی دەیجووری تاراند و ڕووناکی هەڵات.

ئەو بە سەر لاولاوەدا هەڵگەڕا و گەیشتە سەرچڵ، شیلەی گوڵی کوێستانی هەڵمژی و گەردەی دا بە شەماڵ. ئەو لە چەشنی هەسارەکان دەدروشایەوە، ساڕێژی برین و تەشەنای زوخمی بەستووی مۆسیقایەکی غەریب بوو.

ئەو پان و پۆڕی خاکێکی چەواشە و پڕ زی بڕی، مێژوویەکی دووری ناڕوون بەسەر لاپەڕەی هزرێکی چەق بەستووی قۆجی، لەسەر تەختی خوێن و بەژنێکی زراڤی چەواشە، دەماری ئاوەزی ماخولیای داڕماند.

ئەو بۆ هەموو وەرزێک خەبات و نەوەستان و ڕابوون و نەسرەوتن و کۆڵنەدان و ژیریی و ڕەوشت و داوێنێک گوڵی ئاویی لە پەنا کانییەکی بێ‌گەرد، کۆڵێک کتێب و جانتایەک قەڵەم، باوەشێک ئاوات و ڕووبارێک وانە و بەحرێک زانستی بە دیاری هێنا.

ئەو سروەیەک بوو بە باڵای نیشتمان دا دەگەڕا و لە هەناوی هەموو سێمفۆنیایەک نۆتێک بوو وەک ڕێژنەی واران، دەنگێک بوو مینانی لاوژە و ڕەمزێک بوو بە وێنەی میترا، ئەو گەڕێک گۆڕان و لقێک لاوک و چەنێک هۆرە و دەمێک چەمەری و هەتا سیاچەمانە و نیشتمانێک بۆ هەمووان.

ئەو لە ڕەگەزی گۆدێئا و میتان و هۆری و لۆلۆ و ئورارتوو و کارۆخ و دیاکۆ و ماننا و ئەردەشێر و هەوشار و ماڵبات و میرانی کۆڵکەی مێژوو بوو.

ئەو لەگەڵ ئەستێرەکان خول دەخوا و هەتا یەڵدا مابێ شەوی ئەنگوستەچاو دەکاتە ڕۆژ، ئەو ئێستا لەناو دڵی و دەروونی گەل شەقڵی گرتووە، لە سەر تاخچەی هەموو ماڵێک، لەسەر ترۆپکی شاخ و لە گۆڕەپانی شار، لە قەندیل و پاریسەوە دەڕژێتە شەقام و دەبێتە باوەڕ بۆ مێر بۆ ژن بۆ ژیان بۆ ئازادی و دەبێتە سروودی ژینا، پڕ بە گەرووی شار دەچڕێ درووشمی: قاسملوو قاسملوو ڕیگات درێژەی هەیە...