کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ئاماری خۆکوژیی پزیشکەکان لە ئێراندا

17:19 - 20 بەفرانبار 2723

تجارەت نیووز بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک باسی لەوە کردووە کە تەنیا لە ماوەی یەک حەفتەدا، سێ حاڵەتی خۆکوژی لەنێو کادری دەرمانی ئێراندا تۆمار کراوە.

بەپێی ئەم هەواڵە، پزیشکێکی ددان لە شاری میاندواو، پزیشکێکی دەروونی لە شاری بابۆلی مازەندەران و پزیشکێکی چاو لە شاری دێزفوول لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بابەک شکارچی، جێگری بەرپرسی پەروەردە و توێژینەوەی ڕێکخراوی نیزام پزیشکیی ڕێژیم لەمبارەوە باسی لەوە کردووە کە گەورەترین کێشەی پزیشکان لە ئێراندا نەبوونی هیوا بە داهاتووە.

شکارچی باسی لە قورسوبوونی کاری پزیشکەکان کردووە و ڕایگەیاندووە ئەم کارە پێشتریش قورس بوو بەڵام، دەبێ ئەوە بزانین کە جاران هیوایەک بۆ داهاتوو هەبووە.

ناوبراو هەروەها کێشەی ئابووریی وەک یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پزیشکان و کۆمەڵگای پزیشکی ناو برد و ئاماژەی بەوەش کرد کە مووچەی پزیشکان بەپێی بارودۆخی ئابووریی ئێستا گەشەی نەکردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ماڵپەڕی جەهان سەنعەت ڕایگەیاندووە کە خۆکوژیی پزیشکان لە ئێراندا بێوێنەیە و نووسیویەتی لە ماوەی چەند مانگێکدا لە ساڵی ١٤٠١ی هەتاویدا، ١٣ حاڵەتی خۆکوژیی سەرکەوتوو لەنێو پزیشکاندا تۆمار کراوە کە ئەم ئامارە دەرخەری ناکارامەیی و بێباکیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بەم قەیرانەیە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، خەمۆکی لەنێو توێژی پزیشکەکان  و کادری دەرماندا پەرەی سەندووە، کە ئەمە دەتوانێ جێگای نیگەرانی بێت.