کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو مووشەکی سپای پاسداران لە پێترۆشیمیی چابەهار کەوتنە خوارەوە

11:07 - 21 بەفرانبار 2723

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار، لە مانۆڕێکی هێزە دەریاییەکانی سپای پاسداراندا، دوو مووشەک لە دەوروبەری پێترۆشیمیی چابەهار کەوتنە خوارەوە.

بەپێێ ڕاپۆرتەکان و لە زاری خەڵکی چابەهارەوە لە پارێزگای بەلووچستان، نیوەڕۆی چوارشەممە دوو مووشەک لە دەوروبەری پێترۆشیمیی مۆکرانی چابەهار کەوتوونەتە خوارەوەو و دەنگی فیشەک و تۆپ لە ناوچەکەدا بیستراوە.

لە چەند گرتە ڤیدیۆیەکدا کە خەڵکی ئەو ناوچە تۆماریان کردووە  دەردەکەوێت کە دوو مووشەک لە ئاسمانی چابەهار دەخرێتە خوارەوە.

بەرپرسان و میدیاکانی ڕێژیم وەک هەمیشە، ڕتیان کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە هیچ هەڵەیەک لە مانۆڕەکەی سپای پاسداراندا ڕووی نەداوە و بەبێ هیچ زیانێک، مانۆڕەکە سەرکەوتوو بووە.

جەواد سپاهی فەرمانداری چابەهار، ڕاپۆرتەکانی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکانی سپای پاسدارانی لە پێترۆشیمیی چابەهار ڕەت کردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە هەندێک لە میدیاکان باسیان لەوە کردووە کە هاوکات لەگەڵ مانۆڕەکەی سپای پاسداران، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە دەریای عەممان کەوتووەتە کار و ئەو دوو مووشەکەی خستووەتە خوارەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا و لەلایەکی دیکەوە چەند سەرچاوەیەک باسیان لە ترس و دڵەڕاوکێی خەڵک لە  پارێزگای گیلان بە هۆی مانۆڕی هێزە دەریاییەکانی ڕێژیم کردووە.

شەوی سێشەممە ١٩ی بەفرانبار دەنگی تەقە و تەقینەوە لە شاری ئاستارا لەو پارێزگایەدا بیستراوە.

میدیاکانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە مانۆڕی هێزە دەریاییەکانی ئەرتەش، سەرچاوەی ئەو دەنگانە بووە.