محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی، وڵاتەکەی بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بە خێرایی کۆتایی بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە عێراق بهێنێت.
سوودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار جەختی لەوە کردەوە کە عێراق کاتی بۆ بوونی هێزە ئەمریکاییەکان لەو وڵاتە دیاری نەکردووە، بەڵام بوونی ئەو هێزانە لە گەرمەی گرژییەکانی ناوچەکە لە دوای شەڕی غەززە بووەتە هۆکاری ناسەقامگیری.
گرووپە شیعەکان لە عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، لەمێژە دەیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتە بکشێنەوە و لە سەرەتای شەڕی غەززەوە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا چڕتر کردووەتەوە.
لە بەرامبەردا ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر بنکەی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق و ئەمە ئەو نیگەرانییەی دروست کردووە کە کە عێراق جارێکی دیکە ببێتە گۆڕەپانی ململانێکانی ناوچەکە.
محەممەد شیاع سوودانی بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە، پێویستە پێوەندییەکانمان ڕێک بخرێتەوە بۆ ئەوەی هیچ پاساوێک نەبێت کە هیچ لایەنێک لە نێوخۆ یان دەرەوە یاری بە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە درێژەدا ئاماژەی بەوە داوە کە پێویستە بەرنامەی زەمانیی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە دانوستانەکاندا لەسەر بنەمای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دیاری بکرێت.
ئەمریکا ٩٠٠ سەربازی لە سووریە و ٢ هەزار و ٥٠٠ سەربازی لە عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی جێگیر کردووە، لە دوای دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریە کە لەلایەن ئەمریکاوە بەتوندی وڵامیان دراوەتەوە.