کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە جارێکی دیکە ئۆکراینی کردە ئامانجی هێرشی مووشەکی

12:08 - 21 بەفرانبار 2723

لەحاڵێکدا کە ماوەی چەند حەفتەیەک بوو هێرشەکانی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین ڕاگیرابوون، ڕووسیە بۆ جارێکی دیکە هێرشی مووشەکی و پەهپادی بۆ سەر خارکیڤ دەست پێ کردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە٢٠ی بەفرانبار، بەهۆی بەرکەوتنی دوو مووشەکی ڕووسی لە هۆتێلێک لە ناوەڕاستی خارکیڤ وەک دووەم شاری گەورەی ئۆکراین ، ١١ کەس بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، فەرمانداری خارکێڤ ڕایگەیاندووە کە نزیکەی کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی شەوی چوارشەممە بەکاتی ناوخۆ، مسکۆ بە بەکارهێنانی مووشەکی ''ئێس-٣٠٠'' هێرشی کردە سەر ئەو شارە و لە ئەنجامدا ١١ هاووڵاتی بریندار بوون.

لەو پێوەندییەدا ''زلێنسکی'' سەرۆککۆماری ئۆکراین، باسی لەوە کرد، هێزەکانی وڵاتەکەی نیشانی دونیایان داوە کە دەتوانن سپای ڕووسیە بوەستێنن، بەڵام  ئۆکراین بۆ ناردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ بەرپەرچدانەوەی زیادبوونی هێرشی پەهپاد و مووشەکەکانی ڕووسیە پێویستی بە هاوپەیمانانی ڕۆژاوایە.

لە هێرشەکانی ڕووسیەدا، زلێنسکی سەرنجی لەسەر بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەی بووە.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ بەفرانبار، ئەمریکا و زۆربەی ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا و زیاتر لە ٢٠ وڵاتی دیکە، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، فرۆشتنی مووشەکەکانی کۆرەی باکووریان بە ڕووسیە و بەکارهێنانی ئەو مووشەکانە لەلایەن ڕووسیە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراین مەحکووم کرد.