کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشنیاری نوێی قەتەر بۆ پاشەکشێی هێزەکانی ئیسرائیل و چوونەدەرەوی ڕێبەرانی حەماس لە غەززە

12:20 - 21 بەفرانبار 2723

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراو و میدیاکانی ئیسرائیل، ئەنجومەنی شەڕی ئەو وڵاتە پێداچوونەوەی بەو پێشنیارە نوێیەدا کردووە کە لەلایەن قەتەرەوە پێشکەش کراوە. قەتەر ئەم پێشنیارەی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاڵوگۆڕکردنی دیل لەگەڵ گرووپی حەماس داوە.

ڕادیۆ و میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لە وردەکارییەکانی  پێشنیارەکەی قەتەر کردووە، و ڕایگەیاندووە کە ئەو پێشنیارە زۆر خاڵ لە خۆ دەگرێ کە گرنگترینیان کشانەوەی سەرکردەکانی گرووپی حەماس لە غەززە، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و هەروەها ئازادکردنی دیلەکانی شەڕە.

هەروەها سەرۆکی ئیتلاعاتی ئیسرائیل (مووساد) لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی پێوەندیدار بە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس، ڕاپۆرتێک ڕادەستی ئەنجومەنی شەڕ دەکەین و ئەو ئەنجومەنە دەتوانێ لەگەڵ وڵاتانی ناوبژیوان لەبارەی گۆڕینەوە دیلەکانی شەڕ گفتوگۆ بکات.

لەلایەکی دیکەوە گرووپی حەماس ڕایگەیاند کە پێشنیاری قەتەرهەواڵێکی ناڕاستە و جەختی لەوە کردەوە هەر پێشنیارێک کە لەسەر بنەمای وەستانی تەواوەتیی شەڕی غەززە نەبێت، قبوڵکراو نییە.

هەروەها ئەو گرووپە وتوویەتی تا ئەو کاتەی نێتانیاهۆ بە داواکارییەکانی حەماس بۆ ڕاگرتنی تەواوەتی شەڕ و پێکدادانەکان لە کەرتی غەززە ڕازی نەبێت دیلەکانی شەڕ بە سەلامەتی ڕادەستی ئەو وڵاتە ناکرێنەوە.