شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی بە دەنگی زۆرینەوە پەسەند کرد کە داوا لە حوسییەکانی سەر به ڕێژیمی ئیسلامی دەکات دەستبەجێ هێرش بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان ڕابگرن.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار بڕیارنامەی پێشنیاریی ئەمریکا سەبارەت بە حوسییەکان، لەلایەن ١٥ ئەندامی شۆرای ئەمنییەتەوە بە ١١ دەنگ پەسەند کرا.
ڕووسیە و چین لەو وڵاتانە بوون کە دەنگیان بەم بڕیارنامەیە نەدا.
ئەندامانی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە حوسییەکانی سەر بە ڕێژیم کردووە کە هێرشە نایاساییەکانیان لە دەریای سوور بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان کە دەبێتە هۆی مەترسی و تێکدانی زنجیرەی دابینکردنی خۆراک لە جیهاندا ڕابگرن.
جان کێربی ڕێکخەری پێوەندییە ستراتێژییەکانی شۆرای ئەمنییەت لە کۆشکی سپی لە پێوەندی لەگەڵ ئەم بڕیارنامەیە ڕایگەیاند دەقی بڕیارنامەکە بە ئاشکرا داوا لە حوسییەکان دەکات تاکوو هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان ڕاگرن و هەروەها داوای پشتیوانی لە شۆرای ئەمنییەت بۆ هاتوچۆی خاترجەمی کەشتییەکان لە دەریای سوور دەکات.
کێربی زیادی کردووە ئەمریکا بەدوای تێکهەڵچوون نییە و تەنیا خوازیاری تێپەڕبوونی خاترجەمانەی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردایە.
کێربی لە کۆتاییدا وتی: ئەگەر ئەم هەوڵانە بێسوود بن ئەو کات ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی دیکە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی وتووێژ دەکات.
هەروەها ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە هۆشداری دایە حوسییەکان و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە ئەگەر هێرشی حوسییەکانی سەر بە ڕێژیم لە دەریای سوور ڕانەگیرێت، دەبێت چاوەڕوانی ئاکامەکەی بن.
عەبدولسەلام ئەلحووسی وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن، پێش لە بڕیارەکەی شۆرای ئەمنییەت ڕایگەیاند هەر کەسێک هەوڵی تێکدانی ئۆپەراسیۆنەکانمان لە دەریای سوور بدات، وڵامی دەدرێتەوە.