ئانالێنا بێربووک وەزیری دەرەوەی ئاڵمان بە مەبەستی ناردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە سەردانی وڵاتی میسری کردووە، و لەوێوە چاوەدێریی دۆخی ئەو ناوچەیە دەکات.
ناوبراو لە دیدار لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی خۆی "سامح شوکری" داوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و هەروەها ئازادکردنی ١٣٠ دیلی ئیسرائیلی کردووە، هەروەها داوای لە ئیسرائیل کردووە کە بۆ پاراستنی کەسانی سێڤیل کاری زۆرتر بکات و لە هێرشکردنەسەر ئەو مرۆڤانە خۆی بپارێزێ.
بێڕبووک داوای لە سیاسەتوانانی ناوچەکە کردووە کە بە زووترین کات وڵامدەری ئەو کارەساتە مرۆییە بن کە لەو ناوچەیەدا ڕوو دەدەات.
بێربووک لەسەر ناردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە وتی لە ئێستادا نزیک بە ٣ هەزار بارهەڵگری پڕ لە کەلووپەلی پێویست بۆ خەڵک لە رێڕەوی ڕەفەح لە میسر وەستاون و ناتوانن بچنە نێو غەززەوە؛ بۆ گەیشتنی هاوکارییەکان بە خەڵکی غەززە ڕێڕەوێک پێویستە کە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر کراوە بێت.
ناوبراو لەسەر دۆخی نەخۆشخانەکان لە غەززە وتی دەبێ نەخۆشخانەکان بپارێزرێن؛ لە کۆی گشتیی ٣٦ نەخۆشخانەی ئەو ناوچەیە ئێستا تەنیا ١٣ نەخۆشخانە ماون کە نەبوونەتە ئامانجی شەڕ، ئەوانیش پڕن لە بریندار و بۆ چارەسەرکردنی خەڵک دەرمان و کەلوپەلی پێویستیان تێدا نەماوە.