کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسییەکانی یەمەن بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیان بە گەمەی سیاسی دەزانن

16:51 - 21 بەفرانبار 2723

ڕویتێرز ڕایگەیاندووە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار داوای لە حوسییەکانی یەمەن کردووە کە دەستبەجێ کۆتایی بە هێرشەکانی سەر کەشتییەکانی دەریای سوور بهێنن و پشتیوانیی لەو گرووپانە کرد بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بەرگری لەو کەشتییانە دەکەن.

ئەو بڕیارنامەیەی ئەمریکا لەلایەن ١٥ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشەوە بە ١١ دەنگی ئەرێنی پەسەند کرا.

دوای ئەو بڕیارە محەممەد عەلی ئەلحووسی، سەرۆکی کۆمیتەی باڵای شۆڕشی حوسییەکانی یەمەن، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کەشتیوانی لە دەریای سووردا گەمەیەکی سیاسییە.

هەروەها وتیشی کە داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین دەستبەجێ ٢.٣ ملیۆن کەس کە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە لە غەززە بە دیل گیراون ئازاد بکەن.

ئەلحووسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس ئیدیعای کرد ئەوەی هێزە چەکدارەکانی یەمەن دەیکەن لە چوارچێوەی بەرگریی شەرعیدایە و ڕووبەڕووی هەر کردەوەیەک دەبنەوە.

هەروەها  ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار، بڵاڤۆکی تێلێگرافی بریتانیا لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانی خۆی لە نێوخۆی ئێراندا ڕایگەیاند کە حوسییەکانی یەمەن لە "زانکۆی زانست و تێکنۆلۆژی دەریایی خامنەیی " لە زیباکەنار لە شاری ڕەشت ڕاهێنانیان پێ کراوە و عەلی خامنەیی بە شێوەیەکی تایبەت سەرپەرشتیی چالاکییەکانیان دەکات و ڕۆڵی سەرەکیی لە کردەوەکانی حوسییەکان لە دەریای سووردا هەیە و فەرمانی داوە کە چەک و کەرەستەی زیاتر بۆ ئەم گرووپە دابین بکرێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە تا ئێستا نزیکەی ٢٠٠ کەس لە ئەندامانی ئەو گرووپە یەمەنییە، کە ئێستا خەریکی پەلاماردانی کەشتییەکانن لە دەریای سووردا، مەشقی پێویستیان لە ئێران و لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە لە کۆلێژی زانست و تەکنیکی دەریایی خامنەیی لە زیبا کەناردا وەرگرتووە.