کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڵاڤۆکی تێلێگراف: حوسییەکانی یەمەن لە ئێران ڕاهێنانیان پێ کراوە

16:59 - 21 بەفرانبار 2723

بڵاڤۆکی "تێلێگراف" باسی لەوە کردووە کە حوسییەکانی یەمەن لە ئێران مەشق و ڕاهێنانیان پێ کراوە و عەلی خامنەیی بە شێوەیەکی شەخسی سەرپەرشتی ئەم گرووپە دەکات.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار، بڵاڤۆکی تێلێگراف لە بریتانیا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە حوسییەکانی یەمەن لە زانکۆی زانست و تێکنۆلۆژی دەریایی خامنەیی کە دەکەوێتە نزیک شاری ڕەشت ڕاهێنانیان پێ کراوە.

ئەم بڵاوکراوە هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرپەرشتیی چالاکییەکانی ئەم گرووپە دەکات و لە هێرشەکانی ئەم دواییەی حوسییەکان لە دەریای سووردا ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە و فەرمانی بۆ تەیارکردنی چەکۆچۆڵ و پێداویستییەکانی بۆ ئەو گرووپە دەرکردووە.

ئەو بڵاڤۆکە باسی لەوە کردووە کە ٢٠٠ کەس لە میلیشیاکانی حوسی کە لە هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر هێڵی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیی لە دەریای سوور ڕوڵیان هەبووە، لە ئێران و  لەلایەن سپای پاسدارانەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێ کراوە.

لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە زانکۆی زانست و تێکنۆلۆژی دەریایی خامنەیی ئەرکی بەڕێوەبردنی خولی ڕاهێنانی شەش مانگەی بۆ گرووپە تیرۆریستییە نیابەتەکانی ڕێژیم لەئەستۆیە و یەکەم خولی ڕاهێنان بۆ حوسییەکان لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی بەڕێوە چوو.

عەلی فەدەوی فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسداران ڕایگەیاند کە ئامانج لە دامەزراندنی ئەم زانکۆ سەربازییە ئەوەیە کە توانایی و هێزی دەریایی وڵاتانی دیکە بباتە ژێر پرسیارەوە.