ئەرتەشی ئەمریکا بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانبار، پێگەکانی سییەکانی لە یەمەن کردە ئامانج.
ئەم هێرشە لەکاتێکدایە کە سەرکۆماری ئەمریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ئەگەر حوسییەکان لە هەڵسوکەوتە تێکدەرانەکەیان لە دەریای سوور و هەڕەشەکانیان لە کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و بازرگانیی جیهانی بەردەوام بن، دڵنیابن کە ئێمە جارێکی دیکە وڵامیان دەدەینەوە.
کاناڵی ئەلمەسیرە سەر بە حوسییەکان بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا و بریتانیا، سەنعای پێتەختی یەمەنیان کردووەتە ئامانجی هێرشەکانیان.
هەواڵدەریی سی ئێن ئێن دوای چەند خولەکێک ڕایگەیاند کە ئەم هێرشە نوێیانە تەنیا لەلایەن ئەمریکاوە و بەبێ ئامادەبوونی هاوپەیمانەکانی تری ئەمریکا ئەنجام دراون. ئەم هەواڵدەرییە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە ڕایگەیاند کە لانیکەم ناوەندێکی ڕاداری کە حوسییەکان بەکاریان دەهێنا سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە کراوەتە ئامانج.
هەروەها هەواڵدەریی ئاسۆشێتدپرێس لە زاری ئەرتەشی ئەمریکاوە هێرشەکەی بۆ سەر بنکەیەکی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەم بنکەیە شوێنێکی ڕادارییە کە کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور دەخاتە مەترسییەوە.
ئەمریکا بە بەشداریی بریتانیا و بە پاڵپشتی ئوسترالیا، بەحرەین، کانادا و هۆلەند، سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٢ی بەفرانبار لانیکەم ٣٠ بنکەی حوسییەکانی لە ناوچە جیاجیاکانی یەمەن کردە ئامانج.
جۆ بایدن ڕایگەیاند کە ئامانج لە هێرشەکانی ڕۆژی هەینی بۆ سەر بنکەی حوسییەکان دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە یەکێک لە گرینگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بووە.
لەو پێوەندییەدا وتەبێژی پێنتاگۆن ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە توانای حوسییەکان دوای هێرشەکانی ڕۆژی هەینی لاواز بووەتەوە و توانای دووبارەکردنەوەی هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان نەماوە.
جێگەی ئاماژەیە ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار هۆشداریی بە حوسییەکان و ڕێژیمی ئێرانی دا کە هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هێڵی کەشتیوانیی بازرگانی لە دەریای سوور دەرئەنجامی دەبێت.