کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاران سەبارەت بە ئەمنییەتی ناوچەکە چەواشەکاری دەکات

11:40 - 23 بەفرانبار 2723

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، وێڕای دەربڕینی ڕەزامەندی سەبارەت بە کردەوە تێکدەرانەکانی حوسییەکانی یەمەن، لە تویتێکدا ئیدعای ئەوەی کرد کە ئەم گرووپە بە تەواوی پێبەندی ئەمنییەتی دەریایی و کەشتیوانییەوە.

ناوبراو داوای لە کۆشکی سپی کرد لەبری هێرشی نیزامی بۆ سەر یەمەن، دەستبەجێ هاوکارییە هەمەلایەنە سەربازی و ئەمنییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دژی فەلەستینییەکان ڕابگرێت تاکوو ئەمنییەت بۆ هەموو ناوچەکە بگەڕێتەوە.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیش، هێرشەکانی ئەمریکا و بریتانیای بۆ سەر حوسییەکان بەتوندی مەحکووم کرد و ئەم هێرشانەی بە کردەوەیەکی سەرەڕۆیانە و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەمەن، و پێشێلکردنی یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان ناو برد.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ژمارەیەک لە کەسانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە بەردەم باڵوێزخانەی بریتانیا لە تاران کۆبوونەوە و دروشمیان دژی ئەمریکا و بریتانیا بەرز کردەوە.

ئەم چەواشەکارییەی ڕێژیم بۆ دوورکردنەوەی بەرپرسایەتیی ئاڵۆزییەکانی ناوچە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە پشتبەستن بە پشتیوانییە ماڵی و سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە حوسییەکان، بەرپرسیایەتیی ئەو هێرشەیان خستە ئەستۆی تارانەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕۆژی هەینی ٢٢ی بەفرانبار ڕایگەیاند، بەبێ پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران، حوسییەکان توانای هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکانیان نابێت.

ڕێژیمی ئێران بە پشتیوانیی دارایی و تەنانەت فێرکاریی تایبەت بۆ حوسییەکان، هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی ئاڵۆزی لە ناوچەکەیە.