کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هێرشەکانی ئەمریکا و بریتانیا بۆ سەر حوسییەکانی مەحکووم کرد

13:08 - 23 بەفرانبار 2723

دوابەدوای ئەوەیکە ئەمریکا و بریتانیا بە پاڵپشتیی ئوسترالیا، کانادا، هۆلەند و بەحرەین، حوسییەکانیان لە یەمەن کردە ئامانج، ڕێژیمی ئێران دژکردەوەی نیشان دا و ئەو هێرشەی مەحکووم کرد.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی ٢٢ بەفرانبار ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی بەتوندی هێرشەکانی ئەمریکا و بریتانیا بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن مەحکووم دەکات.

ناوبراو ئەو هێرشانەی بە کردەوەی سەرەڕۆیانە و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان زانی.

مەحکوومکردنی ئەم هێرشانە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە لەحاڵێکدایە کە زۆربەی وڵاتان و شرۆڤەکارانی سیاسی پێداگری لەسەر ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە ئاڵۆزییەکانی ناوچە و پشتیوانیی ڕێژیم لە گرووپە نیابەتییەکان لەوانە حوسییەکان دەکەنە و ئەم ڕێژیمە بە هۆکاری ناسەقامگیریی ئێستای ناوچەکە ناو دەبەن.

حوسییەکان لە دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە تاکوو ئێستا چەندین جار کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سووریان کردووەتە ئامانج و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تا ئیسرائیل ململانێکان لە غەززە ڕانەگرێت لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.

ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا هاوپەیمانییەکی دەریایی نێودەوڵەتیی پێکهاتوو لە ٢١ وڵات بۆ پاراستنی کەشتیوانی لە دەریای سووردا دروست بکات.