کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێڕێزیی ڕێژیم بە گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا

17:31 - 23 بەفرانبار 2723

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی بێڕێزیکردن بە شەهیدانی شۆڕشی ژینا و تێکدانی گڵکۆکانیان، ئەمجارە لە سەقز، وشەی شەهیدیان لەسەر گڵكۆی یەکێک لە شەهیدەکانی ئەم شۆڕشە سڕیوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە درێژەی کردەوە دژەمرۆڤانەکانی خۆیاندا و لە درێژەی تێکدانی گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینادا، وشەی شەهیدیان لەسەر گڵکۆی "سەیدمحەممەد حوسێنی"، لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە شاری سەقز، سڕیوەتەوە.

سەیدمحەممەد حوسێنی یەکێک لە خۆپیشاندەرانی خەڵکی سەقز بوو کە لە ڕۆژی ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠١دا بە هۆی لێدانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە باتوم لە پشت سەری و هەروەها لێدانی دەرزیی هەوا گیانی لەدەست دا.

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە مەبەستی ناچارکردنی بنەماڵەی حوسێنی بە بێدەنگبوونیان سەبارەت بە چۆنیەتیی شەهیدبوونی کوڕەکەیان، تا چەند مانگ دواتر، هەڕەشەی بێسەروشوێنکردنی کوڕێکی دیکەی ئەم بنەماڵەیان کرد.

گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا یەکێک لە گرینگترین شوێنەکان بۆ نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ شەهیدانی کوردستان و درێژەی خەباتی خەڵک دژی سەرەڕۆیی کۆماری ئیسلامی بەئەژمار دێن و هەر بەم بۆنەوە ڕێژیم و دەستوپێوەندییەکانی بە بەردەوامی لە هەوڵی تێکدانی گڵکۆی شەهیداندان.