کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید سەبارەت بە هەینیی خوێناویی زاهێدان ڕەخنەی لە خامنەیی گرت

17:37 - 23 بەفرانبار 2723

مەولەوی عەبدولحەمید، پیشنوێژی هەینیی زاهێدان، لە وتاری ڕۆژی هەینیی خۆیدا سەبارەت بە مەحکوومنەکردنی جینایەتی هەینیی خوێناویی زاهێدان، ڕەخنەی لە خامنەیی گرت.

ڕۆژی هەینی، ٢٢ی بەفرانبار، مەولەوی عەبدولحەمید پیشنوێژی هەینیی زاهێدان سەبارەت بە جینایەتی هەینیی خوێناویی زاهێدان وتی کە لە ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١دا و لەم مزگەوتەدا جینایەتێک خولقا کە تێیدا زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژران و نزیکەی ٣٠٠ کەس کەمئەندام بوون و بینایی چاویان لەدەست دا، چاوەڕوانی لە عەلی خامنەیی ئەوە بوو کە ئەم جینایەتە مەحکووم بکات و بڕیار بۆ بەدواداچوون سەبارەت بۆ ئەم جینایەتە بدات.

ناوبراو هەروەها سەبارەت بە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە وتی بریا بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە بەئامانجگرتنی ئەم فڕۆکەیە داوای لێبوردیان کردبا.

هەر لەم پێوەندییەدا، هەژماری فەرمیی مەولەوی عەبدولحەمید لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس، ڕۆژی سێشەممە، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک سەبارەت بە ساڵوەگەڕی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بە مووشەکەکانی سپای پاسداران نووسیبووی گیانلەدەستدانی دەیان کەسی بێتاوان ڕووداوێکی دڵهەژێن و لەبیرنەکراو بوو. تەنیا جێگیربوونی دادپەروەری و پێڕاگەیشتنی بێلایەنانە دەیتوانی زامی دڵی کەسوکاری قوربانییان سارێژ بکات کە بەداخەوە نەکرا.

مەولەوی عەبدولحەمید لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لە پێشێلکرانی ئاشکرای مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمەوە کرد و وتی دانپێدانانی زۆرەملێ و ئەشکەنجە لە گرتنگەکان لەپاڵ گرانی و کێشەی ئابووری و بێبایەخبوونی پارە و پاسپۆرتی ئێرانی، بووەتە هۆی ئەوەی کە ئێران لە جیهاندا، پێگە و ئێعتباری نەمێنێت.