کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران خۆی لە ململانێ لەگەڵ ئەمریکا دەپارێزێت

17:40 - 23 بەفرانبار 2723

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند، سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن، ئامانجی ئەمریکا ململانێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران نییە.

لەو پێوەندییەدا ''جۆ بایدن'' سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٢٢ بەفرانبار لە سەردانی خۆیدا بۆ ویلایەتی پێنسیلوانیا لەنێو هەواڵنێراندا وتی: بە بۆچوونی من ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی خۆی لە ململانێ لەگەڵ ئەمریکا دەپارێزێت؛ ئێمەش نامانەوێ شەڕی نییابەتییان لەگەڵ بکەین.

جۆ بایدن لە درێژەدا وێڕای بە سەرکەوتوو ناوبردنی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن وتی، ئەوەندەی من بزانم لە کاتی ئەم هێرشانەدا هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی زیانی پێ نەگەیشتووە.

هاوکات جۆ بایدن جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر حوسییەکان لە دەریای سووردا بەردەوام بن لە هێرشەکانیان و هەڕەشە لە کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و بازرگانیی جیهانی بکەن، دڵنیا بن جارێکی دیکە وڵامیان دەدرێتەوە.

هێرشەکانی بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٢ بەفرانبار لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بریتانیا بۆ سەر حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە یەمەن، وڵامدانەوەی بەرفراوانی دەسەڵاتدارانی سیاسیی ئەمریکا و هەروەها زۆر حکوومەتی دیکە بووە.