کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوورخرانەوەی یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا بۆ بەندیخانەی ئێرانشار

11:12 - 24 بەفرانبار 2723

ڕۆژی شەممە، ٢٣ی بەفرانبار، پەرهام پەروەری، لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا لە بەندیخانەی ئێڤینەوە بۆ بەندیخانەی ئێرانشار لە پارێزگای سیستان، دوور خرایەوە.

ڕێکخراوی کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاند: پەرهام بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی و بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ئێڤینەوە بۆ بەندیخانەی ئێرانشار دوور خراوەتەوە.

سەرماوەزی ئەمساڵ، حوکمی بەندکران و دوورخرانەوەی پەرهام پەروەری لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کرایەوە.

پەرهام پەروەری لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد"، بە ١٠ ساڵ دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی جاسک لە پارێزگای هورموزگان و پێنج ساڵ بەندکران مەحکووم کرابوو و ئەم حوکمە ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی جۆزەردان، بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوبوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی جۆزەردان، دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی پەرهام پەروەری، لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزادە" بەڕێوە چوو و ناوبراو بە بوونی پارێزەرەکەی، مازیار تاتایی سەبارەت بە تۆمەتەکانی "موحاربە" و "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، بەرگریی لە خۆی کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی خاکەلێوە، پەرهام پەروەری خەڵکی سەقز، لە بەندیخانەی تارانی گەورەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی بەفرانباری ١٤٠١، پەرهام پەروەری لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە لە بەندیخانەی ئێڤینەوە بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بەفرانباری ١٤٠١، پاش تێپەڕینی ٤٦ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ئەندازیار پەرهام پەروەری خەڵکی شاری سەقز، ئیزنی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بەو هاووڵاتییە درا.

مازیار تاتایی، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری پاش خوێندنەوەی دۆسییەی پەرهام پەروەری بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە تۆمەتی "موحاربە"، لە دۆسییەی پەرهام لە شوێنی خۆیەتی.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئەندازیار "پەرهام پەروەری" خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری تاران دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادسەرای ئەمنییەتیی بەندیخانەی ئێڤین بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا.

"پەرهام پەروەری" دوای حەفتەیەک ڕاگیران لە زیندانی "فەشافوویە" بۆ بەندیخانەی "ئێڤین" گوازرابووەوە.

"پەرهام پەروەری" تەمەنی ٢٥ ساڵە و دەرچووی ئەندازیاریی مێکانیک لە زانکۆی "سەنعەتـ"ـی شاری ورمێیە و "موزەفەر پەروەری" و "سروە سووزەنی" باوک و دایکی پەرهام لە فەرهەنگییانی خانەنشینکراوی شاری سەقزن.

ئەندازیار "پەرهام پەروەری" پلەی سێهەمی مەلەوانیی لە ئاستی ئێراندا هەیە و چەندین خەڵاتی لە ئاستی ناوچەیی و لە بواری خوێندکاری بەدەست هێناوە.

ناوبراو لە شیرکەتێکی ئەندازیاری لە شاری تاران خەریکی کارکردن بووە.